بەھۆی 16ی ئۆکتۆبەرەوە پێگەی باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی بە تەواوی لاواز دەبێت

 بەھۆی 16ی ئۆکتۆبەرەوە پێگەی باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی بە تەواوی لاواز دەبێت
ئەندامی پێشووی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕای گەیاند، بەهۆی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەری گرووپێکەوە، ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پشتیوانی لە کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی دەکەن. ئەوەشی نەشاردەوە کە بەهۆی باڵەکانەوە لە کۆنگرەی یەکێتیدا ”شەڕە تەقە“ ڕوودەدات.



فەرید زامدار، نووسەر و ئەندامی پێشووی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاگەیاند، یەکێتی ئامادەکاری بۆ بەستنی کۆنگرەی چوارەم دەکات، بەڵام نەیشاردەوە کە ”کۆنگرەی یەکێتی مەترسیدارە، چونکە ھەموو باڵەکان خۆیان لەیەکتری فش کردووەتەوە و دژایەتیی یەکتری دەکەن، ڕەنگە بەھۆی ناکۆکییەکانی ناو یەکێتییەوە شەڕەتەقە ڕووبدات“.



ڕوونیشی کردەوە، باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی کە ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد سەرۆکایەتی دەکات، کار بۆ ئەوە دەکەن بەناوی کۆنگرەوە خۆیان بەسەر باڵی کۆسرەت ڕەسوڵ عەلیدا زاڵ بکەن، بۆ ئەوەی پێگەی کۆسرەت ڕەسوڵ لاواز بکەن، بەڵام ”ھیچ کات باڵی دەستڕۆیشتوو ناتوانن کارێکی لەوشێوەیە بکەن، چونکە ئێستا کۆسرەت ڕەسوڵ جەماوەرێکی بێشوماری یەکێتی لەگەڵ دایە“.



ئەوەشی ئاشکرا کرد، لەدوای خیانەتی 16 ئۆکتۆبەرەوە، باڵی دەست ڕۆیشتووی ناو یەکێتی ”ھیچ شەخسیاتێکیان نەماوە و شکستیان ھێنا، بۆیە سێ بەشی سەرکردەکانی ناو یەکێتی پشتگیریی خۆیان بۆ باڵەکەی کۆسرەت ڕەسوڵ دەربڕیوە، بێگومان ئەگەر باڵی دەستڕۆیشتووی ناو یەکێتی لەکۆنگرەدا پێگەیان لاوازبێت، ئەوا ھەوڵی تێکدانی کۆنگرە دەدەن“. ئەوەشی بە نموونە هێنایەوە کە ئەگەر ئەندامانی گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر ”یان ئاڵا تاڵەبانی“ لە کۆنگرەدا خۆیان کاندید بکەن، ”دەرناچن و نابنەوە بە ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی“.





باسنیوز
Top