وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا: عەفرین شارێكی سەقامگیرە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا: عەفرین شارێكی سەقامگیرە



ئەمڕۆ هەینی هێزەر ناوێرت گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند شاری عەفرینی رۆژئاوای كوردستان شارێكی سەقامگیرە و ئەمریكا نایەوێ ئەم سەقامگیری تێكبچێت.


ناوێرت ئەمڕۆ جیاواز لە پێشتر، لە بری بەكارهێنانی ناوی هێزەكانی یەپەگە لە عەفرین، ناوی پەكەكەی هێنا، دوای ئەوەش داوای لێبووردنی نەكرد، بەو مانایەی ناوەكە بەبێ مەبەست و هەڵە لە زاری دەرنەچووە.


گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانەكەیدا رەخنەی لە توركیا گرت و گوتی "تورکیا لە باکووری رۆژئاوای سووریا چاوی لەسەر داعش لاداوە و بەدوای پەکەکەوەیە، بەڵام ئێمە لەوێندەر سەقامگیریمان دەوێت".


ناوێرت گوتیشی عەفرین بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکە سەقامگیرە و بەڵام ئێستە خەڵکی ئەوێ دەستیان کردووە بە هەڵاتن، ئاماژەی بەوەش دا کە نایانەوێت گرژی بکەوێتە ناوچەکە.


ناوێرت جەختی کردەوە سووریا بە دۆخێکی زۆر دژواردا تێدەپەڕێ و نایانەوێ باکووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە ببێتە گۆڕەپانی کێشەی دیکە.

bas news-
Top