ڕیزبه‌ندییه‌كى نوێ.. زانكۆى كۆیه له‌سه‌ر ئاستى زانكۆكانى هه‌رێمى كوردستان یه‌كه‌مه
سه‌رۆكایه‌تى زانكۆى كۆیه، رای ده‌گه‌یه‌نێت، له دوایین ڕیزبه‌ندی جیهانیی زانكۆكاندا، كه له لایه‌ن دامه‌زراوه‌ی وێبۆمێتریكسه‌وه ئاماده كراوه، زانكۆى كۆیه له‌سه‌ر ئاستى زانكۆكانى هه‌رێمى كوردستان كه 28 زانكۆى ئه‌هلی و حكوومین، له ڕزبه‌ندی یه‌كه‌مدایه.
حازم عه‌لى، گوته‌بێژى سه‌رۆكایه‌تى زانكۆى كۆیه ڕاگه‌یاند: له دوایین ڕیزبه‌ندی جیهانیی زانكۆكاندا كه له لایه‌ن دامه‌زراوه‌ی وێبۆمێتریكس له‌م مانگه‌دا بڵاوكراوه‌ته‌وه، زانكۆی كۆیه له‌سه‌ر ئاستى زانكۆكانى هه‌رێمى كوردستان به (حكوومى و ئه‌هلییه‌وه) له‌پله‌ی یه‌كه‌می زانكۆكانی كوردستان مایه‌وه".
وه‌ك ئاماژه‌ى پێدا، به‌به‌راورد به ڕیزبه‌ندی ساڵى 2017 زانكۆى كۆیه له‌سه‌ر ئاستی جیهان ١٦٩ پله چووه‌ته پێشه‌وه‌ى ڕیزبه‌نده‌كه.
ده‌رباره‌ى گرنگى ئه‌و ریزبه‌ندیه، گوته‌بێژه‌كه‌ى زانكۆى كۆیه جه‌ختی كرده‌وه، كه وه‌ك لایه‌نى ماددى سوودی نیه، به‌ڵام له‌ڕووى ناوبانگییه‌وه سوودى تایبه‌تى هه‌یه و واده‌كات خوێندكاران و مامۆستایان زیاتر ڕووى تێبكه‌ن، هاوكات زانكۆكانى كوردستان و جیهانیش زیاتر په‌یوه‌ندى زانستى و ڕ‌ۆشنبیرى له‌گه‌ڵ زانكۆكه ده‌به‌ستن.
زانكۆى كۆیه له 11 / 10 / 2003 دامه‌زراوه و 12 خولى ده‌رچوونى به‌ڕێكردووه، له‌م وه‌رزه‌ى خوێندندا، پێنج هه‌زار قوتابى و 500 مامۆستای هه‌یه.
bas news-
