ئەنەکەسە: پەیاممان داوەتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هانای عەفرینەوە بێن

 	 ئەنەکەسە: پەیاممان داوەتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هانای عەفرینەوە بێن
ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنەکەسە ڕایگەیاند، داوامان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە بەزوویی فریای عەفرین بکەون و ئەو ئۆپەراسیۆنەی تورکیا لەسەر عەفرین ڕابگرن.

ماوەی چەند ڕۆژێکە هێزەکانی تورکیا بۆردومانی شاری عەفرین و دەوروبەری دەکەن و ئۆپەراسیۆنەکەیان بە ناوی ''چڵە زەیتوون''ـە، ئێستا بابەتی عەفرین بووەتە بابەتێکی جیهانی و زۆرترین وڵاتانی جیهان قسەی لەبارەوە دەکەن.

فەسڵە یوسف، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنەکەسە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند: "ئێمە دوامان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە دەست بخاتە نێو کێشەی عەفرین و چارەی بکات، چونکە هەمیشە دوژمن دەیەوێ بەو ئۆپەراسیۆنە گەلی کورد لەنێو ببات."

فەسڵە یوسف دەڵێت: "نوێنەرەکانمان لە سەرجەم وڵاتانی دنیا لە ڕێی کونسووڵخانەکانەوە نامەیان گەیاندووەتە وڵاتانی زلهێز و نوینەراتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بە هانای عەفرینەوە بێن و ئیستاش خۆپێشاندانی ئەنەکەسە بەردەوامن بۆ پشتگیریی عەفرین."

سەبارەت بە هەڵوێستی فەرمیی ئەنەکەسە، فەسڵە یوسف گوتی: "ئێمە بە هەموو شێوەیەک دژی ئەوەین خوێن بڕژێت و دژی ئەوەین هێرش بکرێتە سەر عەفرین و لە هەموو بەیاننامیەکیشدا پشتگیریی خۆمان بۆ بەرخۆدانی عەفرین دەربڕیوە. ئێمە پشتگیری لە بەرخۆدانی عەفرین دەکەین."

شاری عەفرین دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای سووریا لەسەر لێوارەکانی ڕووباری عەفرینە و، لە ڕۆژئاوای شاری ئیعزازە. لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە شاری حەڵەبە و لە باشووری ڕۆژئاوای پارێزگای ئیدلبە و لە باكوور و ڕۆژئاوایشەوە سنوورەكانی توركیایە.

لە کۆبوونەوەی فەرمیی ئەنەکەسەشدا ڕاگەیاندراوە: "هێڕشەکانی تورکیا لە ژێر هەرناوێکدا بن، جێی قبووڵ نین و داوامان بۆ وەستاندنی شەڕ کردووە."

فەسڵە ئاماژەیشی دا: "ئێمە وەک ئەنەکەسە بریامان داوە لە دژی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی دنیا خۆپێشاندان بکەین."

ئەندامەکەی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنەکەسە ئەوەیشی نەشاردەوە: "ئەم هێڕشکردنانە ئەنجامی سیاسەتی هەڵەی پەیەدەن و پەیەدە پێویستە بە خۆیدا بچێتەوە، چونکە ئەوان هەموو ڕێککەوتنەکانیان پێشێل کردووە، کە بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی بوون و ئێستاش ڕێگە بە گەڕانەوەی پێشمەرگەی ڕۆژ نادات، کە بگەرێنەوە ڕۆژئاوا و شان بە شانی نەوەکانی عەفرین بجەنگن و هەموو خەڵکی ڕۆژئاوا چاوەڕوانی ئەو ڕۆژەن پێشمەرگەی ڕۆژ بگەڕێتەوە."

فەسڵە گوتیشی: "هەر لە ڕۆژی یەکەمی هێرشکردنەوە ئیمە خۆپێشاندان دەکەین و هەڵوێستی فەرمیشمان هەبووە، داوا دەکەین پێشمەرگەی ڕۆژ بگەڕێتەوە ڕۆژئاوا و جارێکی دیکە پەیەدە و ئەنەکەسە بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ، یان ڕێککەوتنی دهۆک جیبەجێ بکرێت."
kdp-
Top