هەڵبژاردن دەرگا داخراوەکانی هەرێم دەکاتەوە

 	 هەڵبژاردن دەرگا داخراوەکانی هەرێم دەکاتەوە
حزبە کوردستانییەکان دەڵێن، لە دوای هەڵبژاردنەکانی هەرێم، کورد بە دەنگێکی بڵندتر دەتوانێ قسە لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش بکات، هەروەها بۆ ئاشتەواییی لایەنەکانیش بە گرینگی دەزانن. شارەزایەکی سیاسییش باوەڕی وایە، ئەو حزبانەی لە حکوومەت کشانەوە لە بەرپرسیارێتیی ڕایان کرد و هاووڵاتیانیش دەڵێن هەڵبژاردن جووڵە دەخاتە بازاڕەوە.

لە دەستپێکی ئەمساڵدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان کۆ بوونەوە و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێک کە لەمساڵدا و بەتایبەت لە مانگی چواردا ڕۆژێک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان دەستنیشان بکرێ.

حزبە سیاسییەکان زیاتر چاویان لەسەر ڕۆژى هەڵبژاردنەکانە، پارتی دیموکراتی کوردستان چەند جارێک پێشوەختە دەریبڕیوە کە ئەوان لەگەڵ سازدانی هەڵبژاردنن. خەسرۆ گۆران، به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ماڵپەڕى فەرمیى پارتى گوت: "وه‌ك پارتی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كانین و هەوڵەکان بەردەوامە بۆ ئەوەى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان بکرێت، پارتى زۆر بەجیددى لەسەر ئەو مەسەلەیە وەستاوە، چونکە ئێمە گەیشتووین بە قۆناغێکى وەها کە تەنیا هەڵبژاردنەکان چارەى ئەو قەیرانانە دەکات کە لە هەرێمدا هەن."

خەسرۆ گۆران باوەڕی وایە کە هەڵبژاردن کرا، ئەوا پێگەی هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەبێ و بە دەنگێکی بەهێزتر و بڵندتر کورد دەتوانێ لەگەڵ بەغدا و درواسێکان و وڵاتانی جیهان قسە بکات. ئەو، دڵنیاییشە کە پارتی وەک قەوارەیەکی سیاسیی گەورە لە هەرێمی کوردستان لەو هەڵبژاردنە زۆرترین کورسی بەدەست دێنێ و ئێمەش قەبارەی خۆمان دەزانین.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئێستا بەردەوامە لە کارەکانی، ئەگەرچی گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو بە زنجیرە لەدوای یەک لە حکوومەت کشانەوە، بەڵام پارتی و یەکێتیی هێشتا ئەو کابینەیە بەڕێوە دەبەن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش بە شێوەیەکی فەرمی پشتیوانیی لێ دەکەن.

بەهزاد زێبارى، سەرۆکى فراکسیۆنى یەکگرتوو لە پەرلەمانى کوردستان بە ماڵپەڕى فەرمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: "ئێمە وەکو یەکگرتوو ئامادەین بۆ هەڵبژاردنەکان و پێمان باشە هەڵبژاردن بکرێت، بەو مەرجەى دڵنیا بین پرۆسەکە بە دیموکراسى و بە شێوەیەکى شەفاف بێت."

ئەو دەڵێ: "پێویستە لیستی دەنگدەران پاک بکرێتەوە و کۆمسیۆن و حکوومەت بە هاوکاریی پەرلەمان ئەو کارە جێبەجێ بکەن، چونکە چەندە پرۆسەی هەڵبژاردن پاک بێت، ئەوەندەی دی پێگەی هەرێم لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بەهێزتر دەبێت."

لە هەڵبژاردنەکانى ئەیلوولى ساڵى ٢٠١٣دا پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین کورسیی پەرلەمانی کوردستانی بەدەست هێنا کە ٣٨ کورسی بوو، گۆڕانیش ٢٤ کورسی، یەکێتی ١٨ کورسی، یەکگرتوو ١٠ کورسی و کۆمەڵ ٦ کورسی ، هەموویان لە حکوومەتدا بەشدار بوون و کابینەیەکی ١٩ وەزارەتییان پێک هێنا.

ئێستا ڕێک حزبە کوردستانییەکان چاویان لەسەر هەڵبژاردنە، بە باوەڕی شارەزایەکی سیاسی ئەو حزبانەی لە حکوومەت کشاونەتەوە ئەوا لە بەرپرسیارێتیی ڕایان کردووە. ئەمە دەستپێکی قسەی مامۆستاى زانکۆ و شارەزای سیاسەت، عەبدولحەکیم خەسرۆ بوو، کە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی کشانەوەی حزبەکان لە حکوومەت و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی هەرێم سەرنجی هەبوو.

عەبدولحەکیم خەسرۆ دەڵێ: "دواى هەڵبژاردنەکانى ٢٠١٣ کە حکوومەتى بنکەفراوان دروست بوو، بینیمان بە هۆى قەیرانى سیاسییەوە لایەنەکان پاشەکشەیان لە حکوومەت کرد، ئەوەى ماوەتەوە پارتى و یەکێتییە، بۆیە کشانەوە لە حکوومەت خۆدوورخستنەوەیە لە بەرپرسیارێتی، ئەوەى تا ئێستا لە ماوەى شەڕى داعش تا ئەمرۆ و ڕووبەڕووبونەوەى قەیرانى دارایى و پاراستنى پێگەى هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەى پێوەندییه نێودەوڵەتییەکان تەحەمولى ئەو مەسئولیەتەى کردبێت پارتی دیموکراتى کوردستان بووە.

ئەو، هەڵبژاردن بە سەقامگیریی سیستەمی سیاسی لە هەرێمی کوردستان ناو دەبات و دەڵێت: "یەکێک لە فاکتەرەکانى سەقامگیریى هەر دەوڵەتێک بریتییە لە سەقامگیریى سیستەمى سیاسى، بێگومان ئەنجامدانى هەڵبژاردن و دروستبوونى حکوومەتێکى نوێ کاریگەریی دەبێ بۆ چارەکردنى کێشە هەڵپەسێردراوەکان و پێگەى هەرێم لە ناوخۆ و دەرەوە زیاتر بەهێز دەکات."

یەکێتیی ئێستا لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لە حکوومەتدا ماوەتەوە، پەرلەمانتارێکی ئەو حزبە دەڵێ: "دەبێ لە نێوخۆدا یەک بین و ئەوجا بچینە هەڵبژاردنەوە و دەبێ هەڵبژاردنیش بۆ ئاشتەواییی هەموو لایەک بێت."

زانا عەبدولڕەحمان، ئەندام پەرلەمانى کوردستان لە لیستى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان، لەگەڵ ئەوەدایە کە هەڵبژاردن سەرکەتوو نابێت تا لە ناوخۆ یەک نەبین، پێگەى هەرێمیش هەرچەند لە ڕووى دەرەوە بەهێز بێت، کە لە ناوخۆ یەک نەبووین، سوودێکى ئەوتۆمان پێ ناگەیەنێ.

ئەو، بە متمانەوە دەڵێ: "یەکێتى پیێ باشە هەڵبژاردن لە کات و ساتى خۆى بکرێت، بەڵام تۆمارى دەنگدەران پاک بکرێتەوە، بۆ ئەوەى خزبەکانی تر گلەیى و گازندە لە یەکێتى و پارتى نەکەن، هەڵبژاردنێک بێت ببێته هۆى ئاشتەواییى هەموو لایەنەکان."

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاندووە، هەرکات وادەى هەڵبژاردن دیارى کرا، ئەوان پێویستیان بە ١٠٥ ڕۆژ دەبێ بۆ ئامادەکارییەکانى هەڵبژاردن.

بۆ ئەم مەبەستە شێروان زرار، گوتەبێژى کۆمسیۆنى هەڵبژاردن و ڕاپرسیى هەرێم بۆ ماڵپەڕى فەرمیى پارتى دیموکراتى کوردستان دوا و گوتى: "ئێمە ئامادەکارییەکانمان بۆ پاککردنەوەى تۆمارى دەنگدەران لە ناوى مردووان و دووبارە دەست پێ کردووە، ٢٨ى ئەم مانگەش تەواوى ئامادەکارییەکان بۆ تۆمارى دەنگدەران دەخەینە ڕوو." زرارى گوتیشى: "من وای دەبینم کە هەڵبژاردنەکانى هەرێم بگاتە دواى هەڵبژاردنەکانى عێراق، هەروەها لە ڕووى ژمارەى دەنگدەرانیشەوە تا تۆمارى دەنگدەران پاک نەکرێتەوە، ناتوانین ژمارەى دەنگدەران بخەینە ڕوو."

هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردنەوە دەڵێن، هەڵبژاردن پێگەی هەرێم بەهێزتر دەکات و کێشە نێوخۆییەکانیش چارە دەکات.

مستەفا شێرزاد، کە دانیشتووی هەولێرە و کاسبکارە، لەبارەى هەڵبژاردنەکانەوە دەڵێ: "هەڵبژاردن ڕەنگە هۆکارێک بێت بۆ باشترکردنی بژێوی من و داهاتووی کوردستان. هەڵبژاردن بە دەرفەتێکی باش دەزانم بۆ ئەوەی سەرلەنوێ کێشەکان چارەبکرێن و بازار بجووڵێتەوە."

ئەو هاووڵاتییە گوتیشى: "داوا لە هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکان دەکەم بەرژەوەندیى حزبیى خۆیان بەلاوە بنێن و هاوکار و یارمەتیدەرى هاووڵاتیان بن."
Top