سۆران.. ھەر ماڵێک پێوەری ئاو نەبەستێت مانگانە 100 ھەزار دیناری لێوەردەگیرێت
ئەندازیار تەحسین سەعدولڵا، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سۆران، رايگەیاند: "لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان زیاتر لە 24 ھەزار ھاوبەشی ئاو ھەیە، لەوانە زیاتر لە 25% بە دانی پارەی مانگانەیان پابەندن، ئەوانی دیکەش پارەی زۆریان لەسەر کۆبووەتەوە، کە ھاوبەشانی ئاو زیاتر لە 5 پێنج ملیار دینار قەرزداری حکوومەتن، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە ھاووڵاتییان تائێستا ناویان تۆمار نەکراوەو بە زێدەڕۆیی ئاویان راکێشاوە".
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سۆران، ئەوەشی خستە روو، کە ئێستا بە شێوەیەکی گشتی لە ھەرێمی کوردستان، ئاوی ماڵان دراوەتە کەرتی تایبەت و لەمەودا لە بری حکوومەت ئەوان بەپێی پێوەرو ئەو ئاوەی کە ھاوبەشەکە بەکاری دەھێنی پارەکەیان لەسەر ھەژمار دەکرێت، بۆیە پێویستە ھەموو ماڵێک پێوەی ئاو ببەستن، چونکە ھەرکەسێک پێوەری ئاوی نەبێت، مانگانە بری 100 ھەزار دیناری لەسەر ھەژمار دەکرێت.
ئاشکراشی کرد، کە ئەوانەش کە دەستکاری پێوەرەکانیان دەکەن، بەھەمان شێوە سزایی دارایی دەدرێن، ھاوکات ئەو قەرزەی لەسەر ھاووڵاتییانە لێخۆشبوونی نییە، لەلایەن حکوومەت پارەکەیان لێوەر دەگیرێتەوە، ئەوانەی پێشتریش کە ناویان تۆمار نەکردووە یان پێوەری ئاویان نەبەستووە، بە ھەمانشێوە پارەی سەرجەم مانگ و ساڵەکانیان لەسەر ھەژمار دەکرێت.
باسنيوز
