بڕیارەكانی ڕاكان سەعید بۆ بە عەرەبكردنەوەی كەركووك بە نادەستوری لەقەڵەم دەدرێن

 بڕیارەكانی ڕاكان سەعید بۆ بە عەرەبكردنەوەی كەركووك بە نادەستوری لەقەڵەم دەدرێن
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای دەگەیەنێت كە بڕیارەكانی ڕاكان سەعید پارێزگاری كەركووك بە (وەكالەت) لەبارەی دەركردنی ژمارەیەك هاووڵاتیی كورد لە خانووەكانیان، نادەستوورین.

ئەمیرە زەنگەنە، پەرلەمانتاری سەر بە فراکسیۆنی پارتی لە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ئەكاونتی تایەبتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبووك) بڵاوی کردووەتەوە: "ڕاكان سەعید نووسراوێكی ئاراستەی پۆلیسی كەركووك كردووە كە ئاگاداری دانیشتوانی نێو ئەو خانوانە بكاتەوە كە پێشتر لە سەردەمی بەعس بە ئەفسەر و پلە باڵاكان درابوو و لەگەڵ ڕووخانی رژێمی بەعسدا ئەو شوێنانەیان چۆڵ كرد و ئاوارە گەڕاوەكانی كەركووك تێیدا نیشتەجێ بوون و بەشێكیشیان ئەو خانوانەیان كڕیوە".

جەختی كردەوە كە ڕاكان سەعید تەنیا 7 رۆژ مۆڵەتی داوە كە ئەو خانوانە چۆڵ بكرێن، بەپێچەوانەوە بە زۆر پێیان چۆڵ دەكرێت.

ئەمیرە زەنگەنە، ئەوەشی خستە ڕوو: "ئەم هەنگاوەی پارێزگاری كەركووك بە (وەكالەت) نیگەرانیی دانیشتووانی ئەو گەڕەكەی لێ كەوتەوەتەوە و بە دووبارە بە عەرەبكردنەوە شارەكە وەسفی دەكەن".

لە كۆتاییدا، ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە: "داوا لەو كوردە بە شەرەفانە دەكەم كە بە هیچ شێوەیەك خانووەكانیان چۆڵ نەكەن، لەبەر هەر هۆكارێك بێت و ئەو بڕیارە نادەستوورییە".

ژمارەی ئەو خانوانەی كە ڕاكان سەعید پارێزگارەكەی حەشدی شەعبی لەكەركووك، دەیەوێت بە كوردە كەمدرامەتەكان چۆڵی بكات، 130 ماڵن و دەكەوێتە گەڕەكی نەورۆزی شاری كەركووكەوە.

دوای داگیركردنی شاری كەركووك لەلایەن حەشدی شەعبییەوە ڕاكان سەعید، بە پاڵپشتی میلشیاكانی حەشدی شەعبی کراوەتە پارێزگاری کەرکووک دەستیان بە پرۆسەیەكی چڕی بەعەرەبكردنەوە لە پارێزگای كەركووك كردووە.

ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.

ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".

ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”هۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.










باسنيوز
Top