گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر ھەوڵی پەکخستنی کۆنگرەی یەکێتی دەدەن

 گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر ھەوڵی پەکخستنی کۆنگرەی یەکێتی دەدەن
گرووپی خیانەی 16ی ئۆکتۆبەر، هەوڵی پەخستنی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەدەن، بەهۆی ئەوەی هەوڵەکانیان بۆ دوورخستنەوەی سەرکردە سەربەخۆخوازەکانی یەکێتی شکستی هێناوە.



ماوەی زیاتر لە مانگێکە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لیژنەیەکی کارای بۆ ئەنجامدانی ڕێکارە یاساییەکانی کۆنگرە پێکھێناوە، بەڵام تا ئێستا کۆنفراسی مەڵبەندەکان نەکراوە و ڕۆژی بەستنی کۆنگرەش دیاری نەکراوە.



بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستی (باسنیوز) کەووتون، گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر ھەوڵی پەکخستنی کۆنگرە دەدەن، بە جۆرێک نایانەوێت یەکێتیی ئێستا کۆنگرەی چوارەم ببەستێت، ھۆکارەکەشی بۆ دژایەتیکردنی کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی و مەلا بەختیار دەگەڕێننەوە، چونکە ئەو دوو سەرکردەیەی یەکێتی جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەبێ یەکێتی ھەرچی زووترە کۆنگرەی خۆی ببەستێت و کۆنگرەکە بۆ هەموو یەکێتییەکان بێت، نەک تەنیا ئەو کەسانەی کە باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی یان گرووپی 16ی ئۆکتۆبەر پەسەندی دەکەن.



ھەر بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، بەشێکی زۆر لە سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە لەگەڵ ئەوە دان کە یەکێتی لەکاتی خۆیدا کۆنگرە ببەستێ و کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات، بەڵام گرووپی خیانەتکاری ناو یەکێتیی بە پاساوی جۆراوجۆر، هەوڵی دواخستنی کۆنگرە دەدەن.



لەمبارەیەوە ئەحمەد قەدەفەری، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی ھەڵەبجەی یەکێتیی نیشتمانی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئاگاداری ئەوە نیم کە ھەوڵی دواخستنی کۆنگرە بدرێت، بەڵام ھەموو ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی لەگەڵ ئەوە دان، یەکێتی لە کاتی خۆیدا کۆنگرە بەستێت."



ئەو بەرپرسەی یەکێتی گوتیشی: "ھیچ کەسێک ناوێرێ داوای دواخستنی کۆنگرەی یەکێتیی بکات، چونکە ئەگەر یەکێتی کۆنگرە نەبەستێت، کێشەکانی یەکێتی زیاتر زەق دەبنەوە و ڕەنگە ئەوکاتە یەکێتی ھەڵبوەشێتەوە".



پاشگەزبوونەوەی گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر لە کۆنگرەی یەکێتی لە کاتێکدایە کە پێشتر بە شێوەیەکی بەردەوام گرووپەکە پێداگرییان لەسەر ئەوە دەکرد کە کۆنگرە لە سەرەتای ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت، بۆ ئەمەش هەفتەنامەی (باس) و ئاژانسی (باسنیوز) ئاشکرایان کردبوو کە ئامانجیان لەو کاتەدا ئەوە بووە، کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی و سەرکردە سەربەخۆخوازەکانی یەکێتی دوور بخەنەوە، بەڵام هەوڵەکانیان شکستی هێناوە.



ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی ٢٠٠ ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.



ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".



ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی ھێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”ھۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.



باسنیوز
Top