جوان حەسەن: ئەوەی سەددام لە کەرکووک بۆی نەچووە سەر، ئەوان دەیانەوێ تەواوی بکەن
جوان حەسەن، ئەندامی لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "خانووەکانی گەڕەکی ئەفسەرانی کەرکووک دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق لەلایەن ھاووڵاتیانی کوردەوە بە پارەی خۆیان کڕدراون و بەشێک لەو خانووانە کورد لە ھاووڵاتیانی عەرەب کڕیویانە و تێیدا نیشتەجێ بوون، کەچی لە رۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ھێزێک چووەتە سەر ئەو گەڕەکە و داوای چۆڵکردنی لە دانیشتوانی ئەو گەڕەکە کردووە، بەڵام ئەو کات ئێمە پەیوەندیمان بە راکان سەعید پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکووکەوە کرد و کارەکەی راگرت."
دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر لە دوبز و داقووق و سەنتەری شاری کەرکووک پڕۆسەی عەرەباندنی ناوچە کوردستانییە داگیرکراوەکان دەستیپێکردووە، ھەزاران خێزانی عەرەبی شۆڤێنی ھاوردەی ناوچە کوردییەکان کراون و بە زەبری ھێز دەیانەوێ کورد دەربکرێت لەسەر زەوی خۆی، ئەندامەکەی لیستی برایەتی دەڵێ "عەرەباندن لە کەرکووک ئێستا بووەتە پیشەی رۆژانە و حکوومەتی عێراق بە ھاوکاریی ئەو کەسانەی لە کەرکووک دەستیان دەڕوات، بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو کار لەسەر عەرەباندنی شارەکە دەکەن، دەیانەوێ دیمۆگرافیای شاری کەرکووک بگۆڕن و ئەوەی سەددام نەیکرد ئەوان تەواوی بکەن، پیلانەکە بەو شێوەیە داڕێژراوە ئەو عەرەبانەی دوای رووخانی رژێمی بەعس دەرچوونە لە کەرکووک، بگەڕێندرێنەوە شارەکە و کوردەکانی دوای لەناوچوونی رژێم گەڕاونەتەوە کەرکووک، دووبارە دەربکرێنەوە."
جوان حەسەن ئاماژەی بۆ ئەوەکرد "لە ئێستادا پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکووک دەیەوێ گەڕەکە کوردییەکان تێکبدات، هەڵبەتە لە سەردەمی رژێم ژمارەیەک گەڕەکی جیاواز بە ناوی گەڕەکی ئەفسەران دروست کراون، پیلانەکە ھەموو ئەو گەڕەکانە دەگرێتەوە، بەڵام لە ئێستادا ھەڕەشەی دەرکردنی کورد لە دوو گەڕەک دەکرێت کە زیاتر لە ھەزار ماڵی کورد دەبن."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک داوا دەکات، نوێنەرانی کورد ھەموو ھەوڵێکی خۆیان بدەن بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بوەستێندرێت، چونکە ئەگەر ھاووڵاتیانی ئەو گەڕەکانە دەربکرێن پێویستە بەگوێرەی یاسا قەرەبوو بکرێنەوە، لەبەر ئەوەی خانووی وا ھەیە چەندین جار کڕین و فرۆشتنی پێوەکراوە و خەڵکی تووشی کێشە دەبن .
kdp-
