سەرکردەیەکی یەکێتی: بە کۆنگرەش ھەموو کێشەکانی یەکێتی چارەسەر ناکرێن

 سەرکردەیەکی یەکێتی: بە کۆنگرەش ھەموو کێشەکانی یەکێتی چارەسەر ناکرێن

بەرپرسی مەڵبەندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕای گەیاند، ھەموو کێشەکانی یەکێتی بە کۆنگرەش چارەسەر ناکرێ. ئەوەشی ڕەت کردەوە کە پلینیۆم هاوشێوەی کۆنگرە کاریگەری بۆ یەکێتی هەبێت.


محەمەد عەبدوڵا، بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی ڕاگەیاند: "ئەگەر پلینیۆم لە بری کۆنگرە ببەسترێ، ئەوا ناتوانێت ئەرکەکانی کۆنگرە جێبەجێ بکات، ھەروەھا پلینیۆم دەسەڵاتی ھەموو کۆنگرەی نییە“.



ئەوەشی نەشاردەوە: ”ھەموو کێشەکان بە کۆنگرەش چارەسەر نابێ، بەڵام تەنیا کێشە سەرەکییەکان چارەسەر دەبێ و بە تێپەڕ بوونی کات ئەوانی دیکە چارەسەر دەبن، لەگەڵ ئەوەشدا ھێشتا بڕیاری بەستنی پلینیۆمیش نەدراوە".



پێشتر ئاسۆس عەلی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرای کردبوو: ”تا ئێستا هیچ ھۆکارێک بۆ دواخستنی کۆنگرە نییە، بەڵام پێشنیاری ئەوە کراوە کە ئەگەر یەکێتی نەیتوانی کۆنگرەی ببەستێ، ئەوا لەبری کۆنگرە، پلینیۆمێک ببەستێت، چونکە پێوێستە یەکێتیی کۆنگرەی خۆی ببەستێت، خۆ ئەگەر کۆنگرەش نەبەسترا، ئەوا پیلینیۆمە دەبێتە بەدیلی کۆنگرە".


باسنیوز
Top