سلێمانى.. کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان داوایەکی بەپەلە ئاڕاستەی ھاووڵاتیان دەکات

 سلێمانى.. کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان داوایەکی بەپەلە ئاڕاستەی ھاووڵاتیان دەکات
بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆى ھەڵبژاردنەکان، داوا لە ھاووڵاتیانی شاری سلێمانی دەکات بەپەلە سەردانی بنكەكانی تۆماركردنی بایۆمەتری بكەن و كارتی ئەلیكترۆنی وەربگرن.


ھاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆى ھەڵبژاردنەکان له‌ عێراق، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەسنووری پارێزگای سلێمانی، زیاتر لەیەك ملیۆن و 389 هەزار كەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام تائێستا تەنها 692 هەزار و 107 كەس خۆیان تۆماركردوە كە دەكاتە ڕێژەی 55%ی دەنگدەر.

هه‌ر بۆیه‌، داوای لەسەرجەم هاووڵاتیانى پارێزگاكه‌ كرد، بەپەلە سەردانی بنكەكانی تۆماركردنی بایۆمەتری بكەن و كارتی ئەلیكترۆنی وەربگرن.


ڕوونیشی کردەوە، ئەمساڵ سیستمێكی نوێ بۆ جیاكردنەوەی دەنگەكان كاری پێدەكرێت، كە سیستمێكی جیاوازە و پێشتر كاری پێنەكراوە، گوتیشی: "سیستەمەکە بریتیە لەوەی کە پێویست ناكات جیاكردنەوەی دەنگەكان لەلەلایەن كارمەندی بنكەكانەوە ئەنجام بدرێت".


ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌، ئاماژەی بەوەشدا، كه‌ تۆماری دەنگدەران جیاوازە لەو تۆمارانەی پێشتر لەپرۆسەی دەنگداندا كاری پێكراوە، گوتیشی: "تۆمارێکی پاك و بێگەردە لەگەڵ ئەوەشدا ڕاستەوخۆ ئەو سندوقەی کە دەنگه‌كه‌ى تێده‌خرێت، ئەلیكترۆنییە و دوای كۆتاییهاتنی پرۆسەكە لەكەمترین ماوەدا ئەنجامی سندوقەكان بۆ بەغدا بەرزدەكرێتەوە، به‌و شێوه‌یه‌ش لەچەند خولەكێكدا ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان ئاشکرا دەکرێت"
bas news -
Top