شەش ھەزار خێزان لە کەمپەکانن
بێستوون ژاڵەیی، بەرێوەبەری کاروباری مرۆیی، لەئیدارەی گەرمیان، بەخەندان-ی راگەیاند، لە سنوری گەرمیان، نزیکەی شەش ھەزار خێزان ئاوارەی کوردی دانیشتوی دووزخورماتوو ھەن کە ھەندێکیان لە کەمپەکانن، زۆربەشیان لە شارو ناحیەو لادێکان نیشتەجێبوون.
بەوتەی ژاڵەیی، لەماوەی ھەفتەی رابردوودا نزیکەی ھەزارخێزان لەو ئاوارانە گەڕاونەتەوە دووزخورماتوو، بەڵام بەشێوەیەک گەراونەتەوە لەبەرئەوەی بەتەواوی لە بارودۆخەکە دڵنیانین بە یەکجاری جێگیرنەبوون و ھێشتا ھاتووچۆ دەکەن، یان چەند ئەندامێکیان لەوێن و ھەندێکیشیان لێرەن و چاوەڕێ دەکەن دڵنیابن لە بارودۆخەکە ئەوکات بە تەواوی بگەرێنەوە.
ئەوشە خستەڕوو"حکوومەتی عێراق نایەوێت دان بەئاوارەبوونی کوردانی دوزخورماتوو بنێت و ئەوەشی لە رێگەی حکوومەتی عێراق-ەوە بۆ ئاوارەکان کرابێت زیاتر لە رێگەی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانەوە کراوە کە کوردە".
نزیکەی ١٠رۆژ لەمەوبەر لیوایەکی ھێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرای سەر بەوەزارەتی ناوخۆی عێراق، بەچەکی قورسەوە لەناو دوزخورماتوو جێگیربوون و لە پاش ھاتنی ئەو ھێزەکوردانەی ئاوارەی دوزخورماتوو دەستیان بە گەرانەوە کردووە.
لە ١٦ی ئۆکتۆبەری رابردووەوە دوای پاشەکشەی ھێزەکانی پێشمەرگە، هەزاران خێزانی کورد لە دووزخورماتوو ئاوارەبوون.
باسنيوز
