لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراقدا ئەوەی كارتی ئەلكترۆنی پێ نەبێت مافی دەنگدانی دەفەوتێت
ئەمڕۆ سێشەممە 23/1/2018، هاوڕێ تۆفێق، بەڕێوەبەری ئۆفێسی سلێمانیی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، لە پرێس كۆنفڕانسێكدا، ڕای گەیاند: "تۆماری دەنگدەران جیاوازە لەو تۆمارەی كە لە پرۆسەكانی دیكەی هەڵبژاردن بەكار هێنراون، لەبەر ئەوەی تۆماری دەنگدەرانی ئەمجارە لەڕیگەی تۆماری بایۆمەترییەوە كراوە، واتە هاووڵاتییان خۆیان سەردانی بنكەكانی كۆمیسیۆنیان كردووە و وێنەی مۆری ئەلكتۆرنی هەر دە پەنچەیان وەرگیراوە، هاوكات وێنەی فۆتۆگرافەریان گیراوە و زانیارییە كەسییەكانیان خراوەتە ناو سیستەمی ئەلكتۆرنییەوە و ئەمەش بووە بە بنچینە بۆ تۆماری دەنگدەران".
ڕوونی كردەوە: "لە ڕۆژی دەنگداندا هەر هاووڵاتییەك كە دەچێت بە مەبەستی دەنگدان، ئامێرێكی تایبەت هەیە، ئەو ئامێرە بەراوردكاریمان بۆ دەكات كە ئەو پەنجەمۆرە ئەلكتۆرنییەی دەنگدەرەكە هەمان دەنگدەرە یاخود نا، واتە ئەمەش سەلماندنێكی تەواوە و پاك و بێگەردیی تۆماری دەنگدەرانمان بۆ دەردەخات".
بەڕێوەبەری ئۆفێسی سلێمانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "داوا لە هەموو هاووڵاتییان و حزبە سیاسییەكان دەكەم كە بەردەوام ڕەخنەیان هەبوو لەسەر تۆماری دەنگدەران، لە هەموو هەڵبژاردنەكانی كوردستان و عێراق، ئێستا باشترین ڕیگا بۆ تۆمارێكی پاك كە كۆمیسیۆن هەوڵێكی زۆر و بێوێنەی داوە بریتییە لەوەی كە هاووڵاتییان بڕۆن بۆ بنكەكانی دەنگدان و بە شێوەی ئەلكتۆرنی خۆیان تۆمار بكەن، بۆ ئەوەی هێچ كێشەیەك لە تۆماری دەنگدەران نەمێنێت".
ڕاشی گەیاند"دوا كات بۆ پێشكەشكردنی كاندید بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، 10/2/2018 و پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا هەر كاندیدێك خۆی كاندێد بكات، دەبێت لانیكەم دەرچووی زانكۆ بێت، چونكە پێشتر هەڵگرانی بڕوانامەی ئامادەیش دەیانتوانی خۆیان كاندید بكەن".
هاوڕێ تۆفێق گوتیشی: "داوا لە هاووڵاتییان دەكەین ئەوانەی كە خۆیان لە بنكەكانی كۆمیسیۆن تۆمار نەكردووە تكا دەكەین بڕۆن خۆیان تۆمار بكەن و ئێستا زیاتر لە 600 هەزار كەس ناوی خۆیان تۆمار كردووە، با ئەوانیش بڕۆنە بنەكانی كۆمیسیۆن و كارەتەكانیان وەربگرنەوە، چونكە لەم هەڵبژاردنە ئەوەی ئەو كارتەی پێ نەبێت مافی دەنگدانی نابێت".
بڕیارە 12ی ئایاری 2018، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پارێزگاكانی عێراق بەڕێوە بچێت.
باسنیوز
