عەلی قەرەداغی: نەهاتووین خاک بفرۆشین و ئێستاش فرمێسکی تیمساحی بڕێژین

 عەلی قەرەداغی: نەهاتووین خاک بفرۆشین و ئێستاش فرمێسکی تیمساحی بڕێژین
ئەمینداری گشتیی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسوڵمان وەڵامی ئەو ڕەخنانە دەداتەوە کە لەبارەی شەڕی عەفرینەوە ئاراستەی کراون و ڕای دەگەیەنێت، ”نەهاتووین خاک بفرۆشین و ئێستاش فرمێسکی تیمساحی بڕێژین“.



ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 22/1/2018، د. عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتیی یەکێتیی جیهانی زانایانی موسوڵمان، لە پێگەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، وەڵامی ئەو ڕەخنانەی دایەوە کە لەبارەی بێدەنگیی ئەو بەرامبەر بە ڕەوشی ڕۆژئاوای کوردستان ئاراستەی دەکرێن و ڕای گەیاند: ”بەكردار سەلماندوومانە كە خزمەتكاری كوردستانین، كاتێك سەرەتای ئاوارەكان، كوردانی سووریا دەهاتن بۆ هەرێمی كوردستان، یەكەم كەس بووم زیاتر لە 100 هەزار دۆلارمان پێشكەش كردن“.



جەختیشی کردووەتەوە: ”ئێمە بەدەم ئازارەكانیانەوە بوین هەموو كاتێك“. دووپاتیشی کردووەتەوە: ”نەهاتوین خاك بفرۆشین و ئێستاش فرمێسكی تیمساحی بڕێژین“.



ڕەخنەکانی سەر د. عەلی قەرەداغی بەهۆی پەیوەندییەکانیەتی لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕەوا (ئاکەپە)، بەتایبەتیش کە دوای کودەتاکەی 15ی تەمووزی 2015، داوای لە گەشتیارانی جیهان کرد، بچنە تورکیا و پارەکانیان لەو وڵاتەدا خەرج بکەن.



هەندێک لە چاودێران پێیانوایە، قسەکردنی عەلی قەرەداغی لەبارەی خاک فرۆشتن و ڕشتنی فرمێسکی تیمساحی، بەشێکە لەو قسانەی کە لەبارەی ئەو کەسانەوە دەکرێت کە لە کاتی هێرشەکەی سوپا و میلیشیاکانی حەشدی شەعبیدا لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017 ڕێککەوتنیان بۆ ڕادەستکردنی کەرکووک بە میلیشیاکان کرد و ئێستاش باسی کوردایەتی دەکەن و لەبارەی عەفرینەوە بە دەنگی بەرز قسە دەکەن.



ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.



ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".



ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”هۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.





باسینیوز
Top