ئەنجومەنی ئەورووپا پشتگیریی بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستان دەربڕی

 	 ئەنجومەنی ئەورووپا پشتگیریی بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستان دەربڕی
نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا گوتی، ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئەوروپا ستراتیژیی خۆی لەبارەی عێراقەوە پەسەند کرد، کە تێیدا پشتگیری لە قەوارەی ھەرێمی کوردستان دەکات، ئەمەش پشتگیرییەکی سیاسی و نێودەوڵەتییە بۆ ھەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئەورووپا ستراتیژیی خۆی لەبارەی عێراقەوە پەسەند کرد و ئەو بڕیارەی پەسەندی کردووە ستراتیژیی ئەوروپا دەبێت بۆ داھاتوو لەبارەی عێراقەوە، کە بە ناوی ٢٧ وڵاتی ئەندام لەو یەکێتییەیە و تێیدا گرنگییەکی زۆر بە ھەرێمی کوردستان دراوە.

لەم بارەیەوە، دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئەوروپا ستراتیژیی خۆی لەبارەی عێراقەوە پەسەند کرد، لە خاڵی پێنجەمی ستراتیژییەکەدا یەکێتیی ئەوروپا پشتگیری لە دانوستانی نێوان ھەرێم و بەغدا دەکات و داوای جێبەجێکردنی تەواوی دەستووری عێراق دەکات."

دلاوەر ئاژگەیی گوتی: "لە ستراتیژیی ئەنجومەنی ئەوروپادا جەخت لەسەر قەوارەی ھەرێمی کوردستان کراوە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا و داوای ڕێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا دەکات بە جۆرێک ھەردوولا لێی سوودمەند بن."

لەبارەی گرینگیی ئەو بڕیارەوە، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا ڕوونی کردەوە: "ئەمە زۆر گرینگیی بۆ ھەرێمی کوردستان ھەیە، چونکە پشتگیرییەکی سیاسی و نێودەوڵەتییە بۆ ھەرێمی کوردستان."

ئاژگەیی دەڵێت: "لەو ستراتیژییەدا باس لەوە کراوە پێویستە شەراکەت لە نێوان ھەرێم و بەغدا ھەبێت و گرینگییان زۆر بە ھەرێمی کوردستان داوە، کە ئەمە ھەڵوێستی تازەی یەکێتیی ئەوروپایە بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان و ئەوەی پەسەند کراوە، ستراتیژیی داھاتووی ئەوروپایە بە ناوی ٢٧ دەوڵەت، کە ئەندامن و ھەرێمی کوردستانیش بەشێکی گرینگی ئەو ستراتیژییەیە."

ئاژگەیی باسی لەوەش کرد: "بەغدا ئەگەر ھات و پشتی لە ھەرێمی کوردستان کرد و دژایەتیی ھەرێمی کرد، خۆی لە چوارچێوەی ئەو ستراتیژییەدا نابینێتەوە، بۆیە ئەمە دەبێتە پشتگیرییەک بۆ سەرخستنی دانوستانی نێوان ھەرێم و بەغدا لەبارەی ھەموو کێشەکانەوە، لەوانە ماددەی١٤٠ و بەشە بودجەی ھەرێم و پرسەکانی دیکەش."
kdp-
Top