پەیامی سەرۆک بارزانی لەبارەی هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین
لە پەیامەکەدا، کە رۆژی دووشەممە 22/1/2018 بڵاو کراوەتەوە و سەرۆک مەسعود بارزانی رایدەگەیەنێت، کە نیگەرانە بە گیان لەدەستدانی هاووڵاتییانی عەفرین لە ئەنجامی هێرش و بۆردومانی ”سوپای توركیا و چەند لایەنێكی تر“.
سەرۆک مەسعود بارزانی هیوای خواستووە هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین ”بە زووترین کات“ بووەستێندرێن بۆ ئەوەی شەڕەکە تەشەنە نەکات و ”دەرەنجامی خراپی لی نەکەوێتەوە“.
سەرۆک بارزانی داواش دەکات بە رێگا چارەی ئاشتییانە کێشەکان چارەسەر بکرێن، چونکە ”بەپێی هەموو ئەزموونەكانی ناوچەكە، بە شەڕ و توندوتیژی قەیران و كێشەكان قووڵتر و فراوانتر دەبن“.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:
پەیامی سەرۆك بارزانی لەبارەی هێرشەكانی سەر شاری عەفرین
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بە هێرش و بوردمانەكانی سوپای توركیا و چەند لایەنێكی تر بۆ سەر شاری عەفرین و گیانلەدەستدان و قوربانیبوونی خەڵكی سڤیلی ئەو شارە زۆر نیگەرانین.
هیوادارین بە زووترین كات ئەو پەلامارانە ڕاوەستن و گیانی هاووڵاتیان پارێزراو بێت و چیتر لەوە زیاتر تەشەنە نەكات و كارەسات و دەرئەنجامی خەراپی لێ نەكەوێتەوە. بەپێی هەموو ئەزموونەكانی ناوچەكە، بە شەڕ و توندوتیژی قەیران و كێشەكان قووڵتر و فراوانتر دەبن. باشترین ڕێگە ئەوەیە بە شێوازی ئاشتیانە چارەسەری قەیران و كێشەكانی ناوچەكە بكرێت.
مسعود بارزانی
22ـی 1ـی 2018
باسنيوز
