ئەمڕۆ لیژنەیەک بۆ وردبینیکردنی موچە لە بەغداوە دێتە ھەرێم

ئەمڕۆ لیژنەیەک بۆ وردبینیکردنی موچە لە بەغداوە دێتە ھەرێم
بەڕێوەبەری پلاندانان لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ھەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ لیژنەیەک بۆ وردبینیکردنی موچەی وەزارەتەکانی تەندروستی و پەروەردە لە بەغداوە دێتە ھەرێمی کوردستان.

ڤیان جاف، بەڕێوەبەری پلاندانان لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ھەرێم و ئەندامی لیژنەی وردبینی لیستی موچە، بەخەندان-ی راگەیاند، لیژنەی وردبینی مووچە لە بەغداوە دێتە ھەرێمی کوردستان بۆ وردبینیکردن لە موچەی وەزارەتەکانی تەندروستی و پەروەردە.

ھاتنی لیژنەی وردبینیکردنی موچە لە بەغداوە دوای ئەوە دێت کە پێشتر لیستی موچەی وەزارەتەکانی تەندروستی و پەروەردە رەوانەی بەغدا کرابوون بۆ وردبینیکردن.

تائێستا پرۆسەی وردبینی لیستی موچەخۆرانی ھەرێمی کوردستا کۆتایی نەھاتووەو سەرۆک وەزیرانی عێراق، پێشتر رایگەیاندبوو، ئامادەن موچەی ھەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە خەرج بکەن دوای پرۆسەی وردبینی.

پێشتر سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، پێشتر بەخەندان-ی راگەیاندبوو، 450 ملیار دینار لە بەغداوە خراوەتە سەر ژمارە بانکی ھەرێمی کوردستان.

لە ئێستادا پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا بەرەو ئاسایی بوونەوە دەچێت، ئەوەش دوای ئەوەی ھەرێم پابەندبوونی خۆی بەبڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵییەوە راگەیاند، ھاوکات چەند کۆبوونەوەیەک لەنێوان ھەردوولادا بەڕێوەچووە، دیارترینیان کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و حەیدەر عەبادی بوو لە 20ی ئەم مانگەدا لە بەغدا.




خەندان
Top