ئەمڕۆ لە رێگەی دەنگدانەوە پرسی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەكان یەكلا دەكرێتەوە
تاوەكوو ئێستا چەندین جار پەرلەمانی عێراق ھەوڵی داوە پرسی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەكان لە عێراق یەكلا بكاتەوە كە حكوومەت وادەكەی بۆ دیاری كردووە و ١٢/٥ـی ئەمساڵە، بەڵام تا ئێستا لە نێوان فڕاكسیۆنەكاندا ناكۆكی لەسەر ئەو وادەیە ھەیە و لەسەری نەگەییشتوونەتە رێككەوتن.
لەو بارەیەوە، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فڕاكسیۆنی پارتی نەجیبە نەجیب، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "سەعات ١١:٠٠ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و تێیدا پرسی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەكان لە رێگەی دەنگدانەوە یەكلا دەكاتەوە، بڕیارە هەر ئەمڕۆیش ھەموو كوتلەكان داواكاریی خۆیان لەو بارەیەوە پێشكەش بكەن و دەنگدانەكەیش بە نھێنی دەبێت بۆ ئەوەی دیار بێت چەند پەرلەمانتار لەگەڵ ئەنجامدانیدان و چەندیش داوای دواخستنی دەكەن".
نەجیب گوتیشی، سوننەكان بە ئاشكرا داوای دواخستنی دەكەن و شیعەكانیش داوای ئەنجامدانی دەكەن، بەڵام كورد كێشەی لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەكاندا نییە.
لەبارەی پڕۆژەیاسای بوودجەیشەوە، ئەو پەرلەمانتارە ڕووونی كردەوە، لە كارنامەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا پڕۆژەیاسای بوودجە نییە، چونكە ئەگەر ھەبێت، كورد و سوننە بایكۆتی دەكەن، بۆیە سەرۆكایەتیی پەرلەمان لە كارنامەیدا داینەناوە.
kdp-
