ڕاڤەکردنێکی مەترسیداری دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق ئاشکرا دەکرێت

 ڕاڤەکردنێکی مەترسیداری دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق ئاشکرا دەکرێت
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕاڤەکردنێکی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق لە مەڕ دەستنیشانکردنی واتای ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات.

ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) نووسیویەتی: "ڕاڤەکردنێکی مەترسیداری دادگای باڵای فیدڕاڵی بۆ ماددەی 140ی دەستوور لەسەر دەستنیشانکردنی مانای ناوچە جێناکۆکەکان کە بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی ژمارە 113 لە ڕۆژی 29/10/2017 لەسەر داوای ئەنجومەنی نوێنەران پێناسەی ناوچە جێناکۆکەکانی ھاتووە لە ماددەی 140ی دەستوور کردووە بە گەڕانەوە بۆ ماددەی 53/ڕ ی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناخی گواستنەوە".

سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەوەشی روون کردووەتەوە، کە راڤەکردنەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی بەم شێوەیە کە ناوچە جێناکۆکەکان ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە لە پارێزگاکانی (کەرکووک، دیالی و نەینەوا) لە لایەن حکوومەتی ئەو کاتەی ھەرێمی کوردستان لە بەرواری 19/3/2003 بەڕێوەبردراوە.

ئاشکراشی کردووە، کە بەپێی ئەم ڕاڤەکردنە کەرکووک، بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ھەژمار ناکرێ، بەڵام ئاکرێ و کفری دەبێت بە ناوچەی جێناکۆک و ئەم بڕیارەش لەسەر داوای دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران بووە لە ڕێگای ئەمینداریەتی ئەنجومەنی نوێنەران.

دەشڵێت: "دەبێت فەخامەتی سەرۆک کۆمار و ئەندام پەرلەمانەکانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەسەر ئەم بابەتە بێنە دەنگ کە سوێندیان خواردووە پارێزەری دەستوور بن".










باسنيوز
ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕوونیشی کردووەتەوە: "لە کاتێکدا لە بڕگەی دووەمی ماددەی 140ی لە دەستوور بە ئاشکرا کەرکووک بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ھاتووە و ئەوەی جێگەی سەرنجە دادوەرە کوردەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی ئیمزایان لەسەر بڕیارەکەی دادگا کردووە".
Top