ژمارەیەک بیرمەندی جیھانی داوای پاراستنی عەفرین دەکەن

 ژمارەیەک بیرمەندی جیھانی داوای پاراستنی عەفرین دەکەن
ژمارەیەک بیرمەند و ئەکادیمیی جیھانی پەیامێک بۆ رای گشتیی جیھان بڵاو دەکەنەوە و تێیدا داوای پاراستنی شاری عەفرین دەکەن.

ئەو بیرمەندانە لە پەیامەکەیاندا، کە ئاراستەی دەسەڵاتدارانی رووسیا، ئێران و ئەمریکایان کردووە، داوا دەکەن رێگە بە داگیرکردنی شاری عەفرین لەلایەن ھێزەکانی سوپای تورکیاوە، نەدەن.

پەیامەکە لەلایەن نوام چۆمسکی، بیرمەندی ناسراوی جیھانی و 14 بیرمەند و پرۆفیسۆری دیکەی جیھانی، واژۆ کراوە.

چەند رۆژێکی تورکیا ھێزێکی زۆری لەسەر سنووری شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان کۆ کردووەتەوە و رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیازش رایگەیاندووە، ھێزەکانیان دەچنە ناو شارەکە و شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵای سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان، لەناو دەبات.

لە رۆژی شەممە 13.1.2018ـەوە، سوپای تورکیا چەند جارێک تۆپبارانی شاری عەفرینی کردووە و پێشتریش پەکەکە ھۆشداریی دابوو و رایگەیاندبوو، کە ئەگەر تورکیا ھێرش بکاتە سەر عەفرین، ئەوا ”پەکەکە شەڕ دەباتە ھەموو تورکیا و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست“.

دەقی پەیامەکەی ئەو بیرمەندانە:
ئێمە کە لە خوارەوە واژۆمان کردووە کۆمەڵێک کەسی ئەکادیمین بۆ پارێزگاریکردن لە مافەکانی مرۆڤ داوا لە دەسەڵاتدارانی ڕوسیاو ئێران و ئەمەریکا دەکەین کە ڕێگە نەدەن سنورەکانی ئەفرین کە شارێکی کوردیە لە سوریا لەلایەن وڵاتی تورکیاوە ببەزێنرێت، دەبێت بھێڵرێت کە خەڵکی ناوچەکە بە ئارامی و ئاشتی بژین.

عەفرین، کە ئێستا لەلایەن گرووپەکانی رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدەی و گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، کە تورکیا ھاوکارییان دەکات، گەمارۆ دراوە، زۆرینەی دانیشتووانی کوردە و لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردودا ئارامترین پەناگە بووە بۆ ئاوارەکانی سووریا و بەھۆی ئەمەش ژمارەی دانیشتووانی بووەتە دو ئەوەندە کە دەکاتە ٤٠٠،٠٠٠ کەس.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا ھەڕەشەی ھێرشکردنە سەر بارەگاکانی یەپەگە دەکات و بە ھێزە چەکدارە کوردییەکانی سەربە ئەمریکا ناویان دەبات. سەرەڕای ئەوەی کە یەپەگە ڕۆڵێکی بەرچاوی ھەبوە لە بونیادنان و بەڕێوەبردنی ئەنجومەنەکانی شارو شارۆچکەکانی ناوچەکە و پاراستنی لە داگیرکاریی رێکخراوی تیرۆرستی داعش، بەڵام ئەردۆغان یەپەگەی بە تیرۆرست ناوزەند کرد.

بەم دواییانە، تورکیا ھێزێکی بێشوماری ھێناوەتە سەر سنورەکانی عەفرین و ھەڕەشەی داگیرکردنی دەکات وبەھۆی ئەمەشەوە ژیانی ھەزاران خەڵکی بێ ماڵ و بێتاوان، کەوتووەتە مەترسییەوە.

ھێرشکردنە سەر خەڵکی بێتاوانی عەفرین کارێکی نا مرۆڤانەیە و بەرامبەر بە خەڵکی ئاشتیخوازی عەفرین ناکرێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێی بێدەنگ بێت. داوا لە ئەمریکا ئەکەین بەزووترین کات بەدەم ھانای کوردەکانی سووریاوە بچێت، کە بەدرێژایی شەڕی دژی داعش گیانی خۆیان خستە مەترسییەوە.




باسنيوز
Top