وەزارەتی گواستەوە و گەیاندن لەسەر دەنگۆی ٣٢ هەزار فەرمانبەری شەمەندەفەر هاتە دەنگ
ماوەی چەند ڕۆژێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆی ئەوە بڵاو دەکرێتەوە کە گوایە لە ھەرێمی کوردستان بە ناوی فەرمانبەر لە ھێڵی شەمەندەفەر ٣٢ ھەزار کەس دامەزراون و مووچە لە حکوومەت وەردەگرن، بەڵام وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو دەنگۆیە ڕەت دەکاتەوە.
لەم بارەیەوە، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئومێد محەمەد ساڵح، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەموو فەرمانبەرانی وەزارەتی ئێمە ٥ ھەزار و ٤٩١ فەرمانبەرە و ١٤٠ فەرمانبەری کاتیشی ھەیە، ئەمەش ھەموو بەشەکانی وەزارەت دەگرێتەوە، وەکو پۆستە و گەیاندن و کەشناسی، بەرێوبەرایەتی گواستنەوە، کە ھێڵی ئاسنین و ترامۆای تێدایە، ٧٤٨ فەرمانبەری ھەیە و ھەشت فەرمانبەری کاتین."
ئومێد محەمەد ساڵح گوتیشی: "ھێڵی ئاسنین و ترامۆای بەشن لە ناو بەرێوەبەرایەتیی گواستنەوە، ھۆکاری بوونی ئەمانەش ئەوەیە دیزاینی تراموای کراوە لە ھەولێر و دھۆک و سلێمانی پێش شەڕی داعش و قەیرانی دارایی، کە زیاتر لە ٥ ملیۆن دۆلاری پێویستە، بۆیە تا ئێستا ھیچ کۆمپانیایەک ئامادە نەبووە ئەو ئەرکە لە ئەستۆی خۆی بگرێت، بەڵام ئەوەی دەگوترێت وەزارەتی ئێمە ٣٢ ھەزار فەرمانبەری ھێڵی شەمەندەفەری ھەیە، دوورە لە ڕاستی و ھیچ بنەمایەکی نییە."
kdp-
