گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی دەست پێکردنی دابەشکردنی مووچە دەکات
لە وەڵامی پرسیارێکی بەربڵاوی خەڵکی کە ئاخۆ تا ئەو کاتەی بەغدا وردبینی لە لیستی مووچەی وەزارەتەکاندا دەکات و پەسەندیان دەکات و مووچە دەنێرێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوان دەبێت، یاخود دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکات؟ سەفین دزەیی، گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی چاوپێکەوتنێکیدا کە لە ژمارەی داهاتووی هەفتەنامەی (باس) لە ڕۆژی سێشەممە 16/1/2018 بڵاو دەبێتەوە، ئاماژەی بەوە داوە: ”حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە دابینکردنی گوزەرانی خەڵکی کوردستان بەپێی ئەو داهاتەی لەبەردەستیەتی“.
ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە: ”لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە داهاتی هەرێمی کوردستان 50 تا 55٪ کەمی کردووە کە بەشی سەرجەم مووچەخۆران ناکات، بەڵام ئەو داهاتەی کە دێتە دەست لە فرۆشی نەوت لەگەڵ داهاتەکانی ناوخۆ، بێگومان حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی ئەوە دایە تا ئەو کاتەی لەگەڵ بەغدا دەگاتە ئەنجامێک، بەپێی ئەو داهاتانەی کە لەبەردەستیەتی، هەروەها بەپێی ئەو چاکسازییانەی کە پێشکەش بە پەرلەمان کراوە کە تاڕادەیەک کاریگەری لەسەر مووچەی مووچەخۆران دەبێت، مووچە دابەش بکات“.
ئەمە لە کاتێکدایە کە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تاوەکوو ئێستا چاوەڕوانن دابەشکردنی مووچە دەست پێ بکاتەوە و هێشتا بە فەرمی ئەوە ڕانەگەیەندراوە کە ئاخۆ چارەنووسی مووچەی مانگەکانی (10 و 11 و 12) پاشەکەوت کردنە یان دابەش دەکرێت؟، لە کاتێک هەندێک لە زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە مووچەی ئەو سێ مانگە دەخرێتە سەر ژمارە حیسابێکی فەرمانبەران کە لە داهاتوودا دروست دەکرێت و لەم مانگەوە مووچەی مانگی 1ی فەرمانبەران دابەش دەکرێت.
باسنیوز
