لیستی برایەتی کەرکووک: شەوانە لە کەرکووک چەکداران ھەڵدەکوتنە سەر ماڵان

لیستی برایەتی کەرکووک: شەوانە لە کەرکووک چەکداران ھەڵدەکوتنە سەر ماڵان


سەرۆکی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ڕای دەگەیەنێت، دۆخی کەرکووک رۆژ لە دوای رۆژ خراپتر دەبێت و ئێستا لە شارەکە رۆژانە خەڵک دەکوژرێت.



محەمەد کەمال، سەرۆکی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، ڕاگەیاند: "دۆخی شاری کەرکووک رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو خراپتر دەڕوات و ئێستا رۆژانە خەڵک لە شاری کەرکووک دەکوژرێت و ھەڵکوتانە سەر ماڵان لەلایەن چەکدارانەوە بەردەوامە، رۆژانە دوو تا سێ ماڵ تاڵان دەکرێت، ئەو چەکدارانە بە تایبەت لە شەواندا ھەڵدەکوتنە سەر ماڵان".



سەرۆکی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەوەشی خستە روو: "ئەو ئەو چەکدارانە زیاتر بۆ دزینی پارە ھەڵدەکووتنە سەر ماڵان و لە نوێترین کردەوەیاندا ھەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵێک و لە ماڵەکەدا 200 ملیۆن دیناریان بردووە".



لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کەرکووکیان داگیر کرد ئێستا دۆخی کەرکووک تێکچووە و رۆژانە کردەوەی توندوتیژی لە دژی ھاووڵاتییان لەو شارە ئەنجام دەدەرێت.



ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.


ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".


ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی ھێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”ھۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.
bas news-
Top