سوننە و بەشێکی شیعەکان داوای دواخستنی ڕۆژی هەڵبژاردن دەکەن

 	 سوننە و بەشێکی شیعەکان داوای دواخستنی ڕۆژی هەڵبژاردن دەکەن
پێکهاتەی عەرەبی سوننە و بەشێک لە شیعەکان، چەندین تێبینیان لەسەر ڕۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و پرۆژەیاسای پێوەندیدار هەیە و هەر بەم هۆیەشەوە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بۆ ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو دواخرا.

ئەمرۆ گفتوگۆ لەبارەی دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکان لە هۆڵی پەرلەمانی بەغدا گەرم بوو. سوننە و بەشێک لە شیعەکان لەگەڵ ڕێکەوتی پێشنیارکراودا نەبوون و کوردیش وەک خۆی دەڵێ، "کێشەکان نییە."

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا چەندین بابەت لە نێو بەرنامەی کاردا بوو، یەک لەوانە دەنگدان لەسەر ڕۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکان. ڕێکەوتی ئەو ڕۆژە (١٢ی ئایاری ئەمساڵ) لە لایەن سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی عێراقەوە پێشنیار کراوە.

بێریڤان خەیڵانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق کە لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوو، ئاشکرای دەکات، "بۆچوونی جیاواز" لەبارەی ڕۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانەوە هەبووە و هەربۆیەش بۆ ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو دوا خرا.

ئەو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ:، "ئێمە وەکو کورد هیچ کێشەیەکمان نییە، کە هەڵبژاردن لە چ ڕۆژێکدا بەڕێوە دەچێت، بەڵام گفتوگۆیەکی گەرم لە نێوان سوننە و شیعەدا هەیە." خەیڵانی، کە بەرپرسی پێوەندییەکانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانە لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێ: "سوننەکان لەگەڵ ئەوەدا نین هەڵبژاردنەکان لەو ڕۆژەدا بەڕێوە بچن و هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە زۆربەی سوننەکان ئاوارەن و بۆ زێدی خۆیان نەگەڕاونەتەوە و ئەمەش کاریگەریی لەسەر ڕێژەی دەنگەکانیان دەبێت، هەروەها تێبینیی زۆریشان لەسەر پرۆژەیاسای هەڵبژاردنەکان هەیە."

داوی ئەوەی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆتاییی دەستەڵاتدارییەتیی جوگرافیاییی داعشی ڕاگەیاند، هەوڵ درا ئاوارەکان بۆ شوێنی خۆیان بگەڕێنەوە. ئێستا بەشێکی ئەو ئاوارانە گەڕاونەتەوە، بەڵام نزیک بە ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار ئاوارە لە کوردستان دەژین، کە زۆربەیان عەرەبی سوننەن و بۆ زێدی خۆیان نەگەڕاونەتەوە.

جیا لە پێکهاتەی سوننە، بەشێکی شیعەکانیش دژی ئەوەن هەڵبژاردن لە ١٢ی ئایاردا بەڕێوە بچێت و داوای دواخستنی دەکەن.

بێریڤان خەیڵانی دەڵێ: "شیعەکان نێوماڵیان یەک نییە و کێشەیان هەیە. ئەوانەی لەگەڵ حەیدەر عەبادین، دەیانەوێ هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت، بەڵام ئەوانەی لە بەرەی دیکەدان و بەتایبەت پەرلەمانتارانی سەر بە نووری مالیکی، داوای دواخستنی دەکەن. شیعەکان تا ئێستا هاوپەیمانیان پێک نەهێناوە و ئەمەش یەک لە کێشە سەرەکییەکەیانە."

زۆربەی چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، دۆخی سیاسیی ئێستای عێراق لە بەرژەوەندیی عەبادیدایە، بۆیەش دەیەوێ هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا بەڕێوە بچن.
kdp-
Top