هەوڵ دەدرێت لە پەرلەمانی عێراق پرۆسەی تەعریبی کەرکووک بخرێتە بەرباس

 هەوڵ دەدرێت لە پەرلەمانی عێراق پرۆسەی تەعریبی کەرکووک بخرێتە بەرباس
جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای دەگەیەنێت، 50 واژۆمان بۆ خستنەڕووی پرۆسەی تەعریبكردنەوەی كەركووك كۆ كردووەتەوە بۆ ئەوەی بخرێتە بەرنامەی كاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە.

ئەمڕۆ یەكشەممە 7/1/2018، شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: "واژۆی 50 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقم كۆ كردووەتەوە، بۆ ئەوەی پرۆسەی تەعریبكردنەوەی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان بخرێتە بەرنامەی كاری پەرلەمانەوە، هەروەها ڕەزامەندیی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیشم بۆی وەرگرتووە، بەڵام ئەوەی ماوەتەوە واژۆی هەردوو جێگری سەرۆكی پەرلەمانە، چونكە ڕەزامەندیی ئەوانیشی دەوێت".

هاوكات شاخەوان عەبدوڵا، گوتی، ئەمڕۆ یەكشەممە 7/1/2018، لە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق هەوڵ دەدەم تا بزانم ئەو بابەتە دەخرێتە بەرنامەی كاری سبەینێی پەرلەمانەوە، یان نا، چونكە لە بەرنامەی كاری ئەمڕۆدا دانەنرابوو".

دوای داگیركردنی كەركووك لە لایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017، میلیشیاكان دەستیان بە پرۆسەیەكی چڕی بە عەرەب و شیعەكردنی پارێزگای كەركووك كردووە.

ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.

ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".
ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”هۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.










باسنیوز
Top