حەشدی شەعبی لە كەركووك زەوی بەسەر کەسوکاری کوژراوەکانیدا دابەش دەکات

 حەشدی شەعبی لە كەركووك زەوی بەسەر کەسوکاری کوژراوەکانیدا دابەش دەکات
میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە كەركووك، دەستیان بە دابەشكردنی زەوی بەسەر كەسوكاری چەكدارەكانیاندا كرد.



لە ڕێوڕەسمێكدا لە كەركووك ڕێكخراوی بەدری سەر بە حەشدی شەعبی دەستیان بە دابەشكردنی زەوی بەسەر كەسوكاری چەكدارە كوژراوەكانیاندا كرد.



پێشتر هەمان ڕێكخراوی سەر بە حەشدی شەعبی هەر لە شاری كەركووك كۆنگرەیەكیان ئەنجام دا وەك ئامادەكارییەك بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.



چاودێرانی سیاسی ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە دوای داگیركردنی كەركووك لەلایەن حەشدی شەعبییەوە، دەستیان بە پرۆسەیەكی چڕی بە عەرەب و بە شیعەكردن كردووە.



ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.



ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".



ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”هۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.




باسنیوز
Top