كتێبه‌ كوردییه‌كەی ئه‌ردۆگان چاپی كردبوو قه‌ده‌خه‌ كرا

كتێبه‌ كوردییه‌كەی ئه‌ردۆگان چاپی كردبوو قه‌ده‌خه‌ كرا
له‌ ساڵی 2002 تاكو 2013 حكوومه‌تی ئاكپارتی چەند هه‌نگاوێكی نا تاكو كورد له‌ خۆی نزیك بكاته‌وه‌، یه‌كێك له‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ش به‌رده‌وام ئاكپارتی شانازی پێوه‌ كردووه‌، چاپكردنی كتێبی (شۆڕشی بێده‌نگ) بوو به‌ زمانی كوردی، بەڵام ئەویش قەدەخە كرا.


ئه‌م كتێبه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی توركیا و له‌سه‌ر داوای ئه‌ردۆگان به‌ زمانه‌كانی (كوردی، توركی، عه‌ره‌بی، فه‌ڕه‌نسی) چاپ كراوه‌، چاپكردنیشی به‌ كوردی هه‌نگاوێكی گرنگ بووه‌، چونكه‌ بۆ یه‌كه‌م جاره‌ له‌ مێژووی حكوومه‌تی توركیادا دان به‌ زمانی كوردیدا بنرێت و حكوومه‌ت بۆ خۆی كتێبێك به‌م زمانه‌ چاپ بكات.


كتێبه‌كه‌ به‌ ناوی (شۆڕشی بێده‌نگه‌) و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان پێشه‌كی بۆ نووسیوه‌، ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌ باسی چۆنیه‌تی ریفۆرم له‌ كه‌رته‌كانی دادگا و سۆسیال و په‌روه‌رده‌دا ده‌كات.


به‌ڵام له‌ هه‌نگاوێكی چاوه‌ڕوانكراودا، ماڵپه‌ڕی فه‌رمی حكوومه‌تی توركیا و ماڵپه‌ڕی شۆڕشی بێده‌نگ، به‌ بێ ئه‌وه‌ی باس له‌ هۆكاره‌كه‌ی بكات، كتێبه‌كه‌ی به‌ زمانی كوردی قه‌ده‌خه‌ كرد و له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕه‌كه‌ لایدا. ئه‌م هه‌نگاوه‌ش كوردانی باكووری نیگه‌ران كرد و له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ره‌خنه‌ی توندیان له‌ حكوومه‌ت گرتووه‌.


ئه‌م هه‌نگاوه‌ په‌یامێكی ناخۆشه‌ بۆ ئه‌و لایه‌ن و كه‌سایه‌تییانه‌ی ئومێدیان به‌ دووباره‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پرسی چاره‌سه‌ری هه‌بوو له‌ توركیا.
bas news-
Top