پەکەکە دەمانچەی بێ دەنگ لە سنووری سلێمانی بەکار دەهێنێت
پەکەکە تۆمارێکی ڤیدیۆیی بڵاو کردەوە و تێیدا دەردەکەوێت، چەند چەکدارێکی لە سنووری شارۆچکەی دۆکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، دەمانچەی بێدەنگ (کاتم) بۆ دەستگیرکردنی چەند کەسێک بەکار دەهێنن کە بە پێی میدیاکانی پەکەکە، ئەو کەسانە سەر بە دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت)ن.
لەبارەی بەکارهێنانی ئەو چەکانە، زیادی کاکە ڕەزا، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند: "بوونی دەمانچەی بێدەنگ و بڵاو بوونەوەی لەناو خەڵکدا خۆی بۆ خۆی کارێکی نەشیاوە لە ڕووی ئاسایش و ئەمنییەوە، چونکە دەتوانێ زۆر کاری نابەجێ، کوشتن و تیرۆری پێ بکرێت، ھەرچەندە من وردەکاری ئەو بابەتە باش نازانم".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی جەختیشی لەوە کردەوە: "بوونی دەمانچەی بێدەنگ بەدەست پەکەکە لە سلێمانی، خۆی بۆ خۆی کارێکی نەشیاوە و دڵەڕاوکێ دروست دەکات و دەبێتە ھۆی شێواندنی ئەمن و ئاسایشی ھاووڵاتییان".
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین، پەکەکە لە هەندێک ناوچەدا بوونیان هەیە و ”ئەم سنوورەش سنووری زۆنی سەوزە، بازگەش دادەنێن و بەزۆر پارە لە خەڵک وەردەگرن کە ئەوەش کارێکی نەشیاوە“.
زیادی کاکە ڕەزا جەختی لەوە کردەوە کە تاکە ھێزی چەکداری لە ھەرێمی کوردستان تەنیا ھێزی پێشمەرگەیە و بەپێی پێویست چەکی بچووک بەدەست هێزەکانی پۆلیس و هێزە فەرمییەکانی دیکەوەیە. گوتیشی: ”بوونی چەکی بێدەنگ بەدەستی خەڵکەوە، بەتایبەت ئەوانەی سەر بە ھیچ دامودەزگایەکی ھەرێمی کوردستان نین، کارێکی نەشیاوە".
باسنیوز
