کادیرێکی گرووپەکەی: شاسوار عەبدولواحید کەناڵەکانی NRT و چاڤیلاندی نەفرۆشتووە
ھاوژین کەریم، کادیری دەست لەکار کێشاوەی گرووپی (نەوەی نوێ)، ڕاگەیاند، تەنھا ماوەی دوو مانگ لەگەڵ گرووپەکەدا کاری کردووە و ”لەو ماوەیەشدا چەندین فێڵ و تەڵەکەبازی و کاری نەشیاوم لێی بینیوە و فڵبازییەکەی لەوەدایە کە کاتێک کامێرا دەبینێت، خۆی دەکات بە فریشتە، بەڵام لە واقیعدا وانییە“.
ئەو کادیرە دەست لەکار کێشاوەی گرووپەکە باس لەوە دەکات کە شاسوار عەبدولواحید ”کەسێکی فاشیل“ە و ”بە کەم بایەخ سەیری هاوڕێکانی دەکات، ڕێز لە ھیچ کەسێک ناگرێت، ھەر کەسێک لەناو گرووپەکەیدا ڕەخنەی لێ بگرێت، ڕاستەوخۆ تۆمەتی سیخوڕ و دەگازی ئەمنی بۆ درووست دەکات“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ”بەھۆی کارە نەشازەکانی شاسوار عەبدولواحید“، خەڵکێکی زور لە گرووپی نەوەی نوێ کشاونەتەوە، ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ”ھیچ کەسێک ناتوانێ لەگەڵ کەسایەتییەکی فێڵبازدا کاری سیاسی یاخود کارێکی مەدەنی بکات“.
هاوژین کەریم لە لێدوانەکەیدا ئەوەی نەشاردەوە کە شاسوار عەبدولواحید، کەناڵی (NRT) و پڕۆژەکانی نالیای نەفرۆشتووە. گوتیشی: ”کاتێک بانگەشەی فرۆشتنی پڕۆژە و کەناڵەکانی دەکات، تەنھا دەیەوێ خۆڵبکاتە چاوی خەڵکی، ئەگینا ئێستاش شاسوار عەبدولواحید، لە ئۆفیسی کەناڵەکە دادەنیشێت“.
کادیرە دەستلەکار کێشاوەکەی گروپی نەوەی نوێ باسی لەوەشکرد، داوا لە شاسوار عەبدولواحید دەکات، ”دەستبەرداری گرووپی نەوەی نوێ بێت“. هەڕەشەی ئەوەش دەکات: ”ئەگەر بە ناوی نەوەی نوێ کۆنگرە یاخود کۆڕ و چالاکیی دیکە بکات، ئەوا بەڵگەنامە ھەستیار و گرنگەکانی شاسوار عەبدولواحید بڵاو دەکەینەوە“.
باسنيوز
