یەكێتیی مامۆستایان: لیستی مووچە ئامادە كراوە.. ھیوادارین یاریی سیاسی نەبێت
حكوومەتی عێراق داوای كردووە كە، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لیستی مووچەی ھەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستییان بۆ رەوانە بكات بۆ خەرج كردنی مووچەكانیان و، ھەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردەیش لیستی مووچەكانیان ئامادە كردووە و بڕیارە لەم حەفتەیەدا لیستەكان رەوانەی بەغدا بكەن.
لەم بارەیەوە، سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان (ئەحمەد گەرمیانی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "وەزارەتی پەروەردە لیستی فەرمانبەر و مامۆستایانی ئامادە كردووە و بڕیارە بۆ حكوومەتی عێراق رەوانەی بكات، بەڵام ھیوادارین حكوومەتی عێراق جیددی بێت و یارییەكی سیاسی نەبێت لەگەڵ ھەرێمی كوردستانی بكات، لەبەر ئەوەی ئەگەر بە راستیان نەبێت ئەو كات بە گران لەسەریان دەوەستێت".
(گەرمیانی) گوتیشی، لیستەكە، لیستی مووچەی مانگی یەكە و بە بێ پاشەكەوتیش ئامادە كراوە، ئەگەر بەغدایش بە جیددی بێت، پێویستە مووچەی مانگی یەك رەوانە بكات.
سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایان هەروەها باسی لەوەیش كرد، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھەموو رێكارە تەكنیكییەكانی تەواو كردووە و لەمەودوا جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە دەكەوێتە سەر حكوومەتی عێراق.
kdp-
