باڵیۆزی ئێران لە بەریتانیا وەڵامی ترامپی دایەوە: بە برسی ناوبردنی گەلی ئێران بێڕێزییە
دۆناڵد ترامپ تویتێکی لەبارەی دۆخی هەنووکەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە و دەڵێ، "ئێران لەسەر کۆی ئاستەکان شکست تۆمار دەکات، ئەمە سەرباری ڕێککەوتنە مەترسیدارەکەی کە لەگەڵ ئیدارەی سەرۆکی پێشوو باراک ئۆبامادا کردوویەتی."
هەروەها نووسیویەتی "گەلی ئێران ساڵانێکە دەچەوسێندرێتەوە و لەگەڵ برسیێتیدا بەرەوڕووە، خۆراک و ئازدیی دەوێ. سامانی ئێران دەدزرێ و مافی مرۆڤ پێشێل دەکرێ.. ئێستا کاتی گۆڕانکارییە."
لەبەرانبەردا، حەمید بایدی نەژاد، باڵیۆزی ئێران لە بەریتانیا لە تویتێکدا لێدوانی ترامپ بە "بێڕێزی" ناو دەبات و نووسیویەتی "ئەمەریکا و ڕۆژئاواییەکان دەرک بە تواناکانی ئێمە لە چارەکردنی کێشەکان دەکەن، بەڵام ئەوەی سەیرە، پشتیوانیی (منافق)ـانەی ترامپە لە ناڕەزایەتییەکان، لە کاتێکدا کە گەلی ئێرانی بە تیرۆریست ناو بردبوو."
بایدی نەژاد هەروەها نووسیویەتی "ترامپ دووبارە لێدوانی داوە بەوەی ئێرانییەکان بە برسی ناوزەد دەکات و دەڵێ گەلێکی برسییە، هەڵبەتە ئەم لێدوانە هیی سەرۆکی دەوڵەتێکە کە خاوەن گەورەترین ئابووریی دنیایە، کەچی خەڵکەکەی برسین و دابەشبوونی کۆمەڵایەتییشی ڕوو لە زیادبوونە."
kdp-
