شاناز ئیبراھیم ئەحمەد دەست بەسەر کەناڵەکانی کوردسات و گەلی کوردستاندا دەگرێ

 شاناز ئیبراھیم ئەحمەد دەست بەسەر کەناڵەکانی کوردسات و گەلی کوردستاندا دەگرێ
بەرپرسی رێکخستنەکانی دەرەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕێگەی چەند کەسێکی نزیک لە خۆیەوە، دەست بەسەر کەناڵەکانی (کوردسات و گەلی کوردستان)دا دەگرێ و پەرلەمانتارێکی پێشووی یەکێتیش هۆشداری دەدات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەستی کەوتووە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە ڕێگەی چەند کەسێکی نزیک لە خۆیەوە، دەستی بەسەر کەناڵەکانی (کوردسات و گەلی کوردستان)دا گرتووە.

لەمبارەیەوە گوڵناز عەزیز، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند: ”ئەم پرسە ھێشتا فەرمی نییە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەدیش کادیری یەکێتییە، بەلای منەوە کارێکی باش نییە، یەکێتی مەکتەبی راگەیاندنی ھەیە، دەبێت مەکتەبی ڕاگەیاندن ئەو کەناڵانە بەڕێوە ببات نەک شەخس، بۆیە مانەوەی دەزگاکان بۆ شەخس نییە، بەڵکوو گرنگە ئەم دامەزراوانەی یەکێتی، لەلایەن خودی یەکێتییەوە بەڕێوە ببرێن".

بەپێویستیشی زانی، مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەم بابەتە یەکلا بکەنەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە کاتی ڕووداوەکانی پەیوەندیدار بە خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، هەردوو کەناڵی (کوردسات و گەلی کوردستان)ی سەر بە یەکێتی، بە تەواوی پشتیوانییان لەو گرووپەی یەکێتی دەکرد کە لە 16ی ئۆکتۆبەردا بەشدار بوون و ڕۆژانە بانگەشەی ئارامیی کەرکووکیان دەکرد و گرووپەکەی یەکێتیش لەو کەناڵانەوە سووکایەتییان بە پێشمەرگە دەکرد.











باسنیوز
Top