سەفین دزەیی رەتیدەکاتەوە کە دەروازە سنورییەکان بە تەواوی رادەستی عێراق بکرێت و دەڵێت بەھاوبەشی بەڕێوەدەبرێن
دزەیی بۆ خەندان، ئەوەی خستەڕوو،" نە لە یاسا و نە لەرێنمایی، باسی رادەست نەکراوە، بەڵکو سەرپەرشتی ھاوبەش ھەیە و ھەرێم دەمێکە رایگەیاندووە بۆ کاری ھاوبەشی ئامادەیە".
لیوا مەعن سەعدی، فەرماندەی چالاکییە تایبەتەکانی دووەم لە سوپای عیراق شەوی رابردوو لەتویتێکدا نووسیبووی "ھەرێمی باکوری عێراق رازیبووە بەمەرجەکانی حکومەتی عێراق بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەنێویاندا رادەستکردنەوەی دەروازە سنورییەکان لەگەڵ ئێران و تورکیا."
ھەروەھا جەختیکردوەتەوە لەوەی "دەسەڵاتی فیدراڵی دەبێت لەھەموو ناوچەکانی عێراقدا بێت، لەزاخۆوە تا فاو."
ھاوکات کەناڵەکانی ئەلعەربیە و سکای نیوزی عەرەبی لەزاری پەیامنێرەکانیانەوە ھەواڵەکەیان بڵاوکردەوەو ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد، کە دەسەڵاتدارانی ھەرێم رازی بوون بە رادەستکردنەوەی دەروازە سنورییەکانی بەدەسەڵاتی فیدراڵی بەغدا.
عەبدوڵا ئاکرەیی، بەرپرسی پەیوەندیەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران، لەحکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەخەندان-ی راگەیاند، لەشەوی رابردوو لە لایەن بەرپرسانی ئێرانەوە ئاگادارکراوەتەوە کە ھەردوو خاڵی سنووری پەروێزخان و حاجی ئۆمەران دەکرێنەوە.
ئاکرەیی، وتیشی"شەوی رابردوو ئاگاداری منیان کرد وتیان لە کاتژمێر ١٢:٠٠ ەوە ھەردوو دەروازەکە کراونەتەوە".
ھەروەھا ئاماژەی بەوەکرد، ھەردوو دەروازەکە بەرووی ھاتوچۆی خەڵک و بازرگانیشەوە کراونەتەوە، بەوتەی بەرپرسی پەیوەندیەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران، لە حکومەتی ھەرێم"کۆنترۆڵی دەروازەکان لەدەستی ھەرێمە".
"ئێران خۆی لە مەوزوعەکە دەرھێناو دەستووریدا کە بکرێنەوە، ئیدی لەگەڵ ئێمەو بەغدا چی دەبێـت چی نابێت ئەوان عەلاقەیان پێ نییە"عەبدوڵا ئاکرەیی وای وت.
بەیانی ئەمرۆ عەلی تۆفیق، بەڕێوەبەری خاڵی سنوری پەروێزوخان بەخەندان-ی راگەیاند، بەیانی ئەمرۆ لەلایەن بەڕێوەبەری پەروێزخان لە دیوی ئێران، ئاگادارکراوەتەوە کە لەئەمرۆوە دەروازەکە دەکرێتەوەو ھاتوچۆ ئاساییە.
وتیشی"پێم وتراوە لە ئەمڕۆوە دەروازەکە کراوەتەوەو شۆفێرەکان دەتوانن ئۆتۆمبێلەکانیان ببەنە دیوی ئێران و ھاتوچۆی ئاسایی خۆیان بکەن".
باسنیوز
