زیاتر لە 8 ھەزار گەشتیار سەردانی دەڤەری سۆرانیان کردووە
بارزان محەمەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، رايگەیاند: "وەک لەسەرەتاوە پێشبینی ئەوەمان دەکرد کە ژمارەیەکی زۆری گەشیاران، بۆ ئاھەنگی سەری ساڵ سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی دەڤەری سۆران دەکەن، بەمەش بە ھەماھەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و ھیزە ئەمنییەکان پلانێکی رێک و پێکمان بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران و بەسەربردنی کەشێکی خۆش و ئارام لە دەڤەرەکەماندا رێکخست".
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، گووتیشی: "بەپێی ئامارەکانمان زیاتر لە 8 ھەزار گەشتیار، بۆ ئاھەنگ و پشووی سەری ساڵ، سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی دەڤەری سۆرانیان کردووە، زۆربەشیان خەڵکی شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بوون".
بارزان محەمەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، ئاماژەی بەوەش دا، کە ساڵانی رابردوو ھەزاران گەشتیاری ئێرانی و رۆژھەڵاتی کوردستان، بە دەروازەی حاجی ئۆمەران روویان دەکردە شوێنە گەشتیارییەکانی دەڤەری سۆران، بەڵام ئەمساڵ ھیچ گەشتیارێکی ئێرانی بەو دەروازەیەوە نەھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان.
گووتیشی: "ھۆکاری بەشداری نەکردنی گەشتیارانی ئێرانی و رۆژھەڵاتی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ داخستنی دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران، لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانی، کە بەم ھۆیەوەش جگەلە پەککەوتنی جموجۆڵی بازرگانی، بووتە رێگریش لەبەردەم ھاتنی چوونی گەشتیاران و ھاووڵاتییان لەنێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتی ئێران.
ماوەی زیاتر لە دوو مانگە و دوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان و ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و داگیرکردنی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان لەلایەن چەکدارانی حەشدی شەعبی، ئێران سێ سنووری نیودەوڵەتیی پەروێزخان، باشماخ و حاجی ئۆمەرانی داخست، پاش دوو ھەفتە سنووری باشماخ کرایەوە، بەڵام ھەتا ئێستا دوو سنووری پەروێزخان و حاجی ئۆمەران بە بڕیاری ئێران نەکراونەتەوە.
باسنيوز
