حەشدی شەعبی لە خورماتوو مۆلیدەی مزگەوتێک دەدزێت
محەمەد فایەق، بەرپرسی ڕاگەیاندنی قایمقامییەتی خورماتوو، لە ئەکاونتی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) رایگەیاندووە، سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 31/12/2017، دوای پاشەکشەی بەشێک لە چەکدارانی حەشدی شەعبی لە مزگەوتی خەیرییە، کە دەکەوێتە گەڕەکی کۆماریی خورماتوو، ”مۆلیدەی مزگەوتەکەیان دزیوە".
دوای داگیرکردنی خورماتوو لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە، ئەو چەکدارانە جگە لەوەی زیانیان بە سەدان خانووی ھاووڵاتییانی کورد گەیاندووە، دەستیان لە دزینی شت و مەکی نێو مزگەوتەکانیش نەپاراستتووە.
ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی ٢٠٠ ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
ڕۆژی ١٨ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".
ڕۆژی ٢٧/١٢/٢٠١٧ جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی ھێزەکانی ٧٠ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”ھۆکاری ١٦ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.
باسنيوز
