بەغدا لە تەعریبکردنی سنووری پارێزگای کەرکووک بەردەوامە"

بەغدا لە تەعریبکردنی سنووری پارێزگای کەرکووک بەردەوامە
پسپۆڕێکی یاسایی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، پیلانەکانی بەغدا بۆ دەرکردنی کورد لە ناوچەکانی کەرکووک و نەینەوا بۆ زیادکردنی ڕێژەی عەرەبه‌ و دەشڵێت، ھەر ھەنگاوێکی تاکلایەنە بۆ گۆڕینی دیموگرافیای ئەو ناوچانە پێچەوانەی دەستووری عێراقە.

(مەھدی موبارەک)، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای کەرکووک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "پیلانێکی مەترسیدار لە لایەن بەغداوە جێبەجێ دەکرێت بۆ وەرگرتنەوەی زەویی جووتیارانی کورد، چونکە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق تەنیا لە دۆسیەدا شەش ھەزار گرێبەستی زەویی کشتوکاڵی ھەبوو، کە پێشتر ھی کورد بوو، ڕژێمی به‌عس بە ناوی عەرەبی شۆڤێنیی کردبوو، بەڵام ئێمە توانیمان کار بەو گرێبەستەی ئه‌و سەردەمه‌ نەکەین و زەوییەکان بدەینەوە دەست جووتیارانی کورد، ئێستاش دەسه‌ڵاتدارانی کەرکووک و بەغدا دەیانەوێ دووبارە سەدان ھەزار دۆنم زەوی لە جووتیارانی کورد وەربگرنەوە و ڕادەستی عەرەبی ھاوردەی بكه‌ن.''

هاوكات (د. ئیبراھیم شەرەفانی)، پسپۆڕی یاسا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پیلانی بەغدا بۆ گۆڕینی دیموگرافیای ناوچە کوردستانییەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ پێچەوانەی دەستووری عێراقە و بە پێی یاسا و دەستوور نابێت بە ھیچ شێوەیەک ڕێگە بدرێت دەستکاری لە ڕێژەی دانیشتوانی ئەو ناوچانەدا بکرێت، ئەوەی دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەریش لە کەرکووک و دەشتی نەینەوا ڕوو دەدات، بۆ ئەوەیە ڕێژەی کورد لەو ناوچانە کەم بکرێنەوە و لە شوێنی ئەوان ڕێژەی عەرەب زیاد بکرێت، كه‌ ئەوه‌ش دەچێتە چوارچێوەی تەعریب و پێچەوانەی دەستوورە و لەگەڵ بنەمای فیدڕاڵی یەک ناگرێتەوە."

(شەرەفانی) ده‌شڵێت: "دەبێ حکوومەتی ھەرێمی كوردستان ھەرچیی زووە ڕێکاری یاسایی بگرێـتەبەر بۆ ڕێگرتن لەو پیلانە و لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵا تۆمار بکات، تا ببێتە بەڵگەیەکی یاسایی بۆ ئەوەی لە دادگاکانی نێودەوڵەتیشدا کاری لەسەر بکرێت و جیھان لەوە بگات بەغدا چ پیلانێکی ھەیە بۆ تەعریبکردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.''

ئەو گوندانە بەر پڕۆسەی بەعەرەبکردن دەکەون، زیاتر گوندی ھەردوو قەزای دووبز و داقووقن، کە تەنیا لە ناحیەی سەرگەڕانی سەر بە قەزای دووبز ھەڕەشەی چۆڵکردنی ١٧ گوند لە کوردانی ناوچەکە دەکرێت و تا ئێستاش تانک و ھێزەکانی عێراق لە گوندی پەلکانەی سەرگەڕان ماون بۆ دەرکردنی کورد، ھەروەھا لە داقووقیش ھەڕەشەیەکی زۆر لە جووتیارانی کورد دەکرێت بۆ چۆڵکردنی گوندەکانیان، ئەوە جگە لە ھێنانی ژمارەیەکی زۆری عەرەب بۆ نێو سەنتەری شاری کەرکووک.''
kdp-
Top