دەستەی مافی مرۆڤی ئەڵمانیا: ڕیفراندۆمی هەرێم شەرعی و یاسایی و دەستوورییە
(سێلڤیا ڤیلینگ)، سەرۆکی مافی مرۆڤی ئەڵمانیا و ئەندامی دەستەی مافی مرۆڤی ئەوروپا، لە دیمانەیەکی تایبەتی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا دەست دەخاتە سەر پێشێلکارییەکانی بەغدا بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان و لە دەستپێکی دیمانەکەدا گوتی، ئەوەی بەغدا دەیکات زۆر ناڕەوایە و بە هیچ شێوەیەک لە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤدا جێگەی نابێتەوە، ئەوەی بەغدا دەیکات پێچەوانەی هەموو پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤە. ئەو باسی لەوە کرد کە نەیویستووە بە ڕێگەی عێراقدا بێتە هەرێمی کوردستان، هەروەک چۆن وەزیرێکی باڵای وڵاتەکەیشی ئەمەی ڕەت کردووە، کە نایەوێ بێتە عێراق، چونکە بەغدا هێڵی ئاسمانیی بەسەر هەرێمدا داخستووە و فڕۆکەخانەی هەرێمی کوردستانی داخستوون.
ناوەڕۆکی دیمانەکە:
KDP.info: بەکام ڕێگەدا هاتییە کوردستان، ئێستا وەک دەزانی عێراق هێڵی ئاسمانیی کوردستانی داخستووە؟
(سێلڤیا ڤیلینگ): بە ڕێگەی تورکیادا هاتم، چونکە نامەوێ لە ڕێگەی فرۆکەخانەی عێراقەوە بێمە کوردستان، بەغدا کاری نامرۆیی بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان دەکات، بۆیە منیش بە ڕێگەیەکی دیکەدا هاتمە کوردستان.
KDP.info : لە کۆمەڵگەی دەرەوەشدا ڕوونە کە بەغدا مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان نادات و بڕیوویەتی، هێرشیشی کردە سەر ناوچە کوردستانییەکان و لە ستەمکاری دەرهەق بە کورد بەردەوامە، ئێوە وەک بەرپرسێکی باڵای مافی مرۆڤ، چۆن لەم ڕەفتارانەی بەغدا دەڕوانن؟
(سێلڤیا ڤیلینگ): کردەوە و ڕەفتارەکانی عێراق زۆر نامرۆیین، پێچەوانەی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤن، دەبێ بەغدا هەموو گەمارۆدانێکی ئابووریی سەر هەرێم نەهێڵێت، ئێستا بە سەدان نەخۆش لە کوردستان هەن و پێویستیان بە چارەسەرە لە دەرەوەی وڵات، ئێستا جیهان پێویستی بە کوردستانە، خەڵک دەیەوێ بێتە کوردستان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ چاویان لەسەر کوردستانە و دەیانەوێ بێن، چونکە سەدان هەزار ئاوارە لە کوردستان هەن، ئەو ڕێکخراوانە بوونەتە قوربانیی بەغدا و ناتوانن بێنە کوردستان.
KDP.info : حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین جار داوای دیالۆگی لە حکوومەتی عێراق کردووە، بەڵام بەغدا تا دێت دیالۆگ مەرجدار دەکات و ڕەتی دەکاتەوە، ئێوە لەم بارەیەوە چی بە بەغدا دەڵێن؟
(سێلڤیا ڤیلینگ): بریتیی دیالۆگ هەر دیالۆگە، بەغدا دەبێ دیالۆگ بکات، حکوومەتی عێراق، خۆی سەرچاوەی کێشەکانە و دەبێ خۆیشی بێتە سەرهێڵ، دەبێ زەمینەیەکی لەبار بۆ چارەکردنی کێشەکان بێتە ئاراوە، تاکو بە دیالۆگ کێشەکان چارە بکرێن.
KDP.info: حکوومەتی ئەڵمانیا و کوردستان ڕێککەوتنێکیان هەیە بۆ بردنی ئەو کچە ڕزگاربووانەی کوردانی ئێزدی بۆ ئەڵمانیا بە مەبەستی چارەسەرکردنیان، داخستنی فڕۆکەخانەکان ڕێگر دەبێت لەو ڕێککەوتنە؟
(سێلڤیا ڤیلینگ): ئەمەیە کردارە نامرۆییەکانی حکوومەتی عێراق، دەبێ فڕۆکەخانەکان بکرێنەوە، کاتێ من لە سنووری تورکیاوە هاتم، بینیم زۆر پڕۆژە وەستاون، چونکە بە ڕێگای وشکانیدا زۆر ئەستەمە خەڵک بێت و دەبێ بە هەرشێوەیەک بێت ئەم گەمارۆیە هەڵبگریت.
KDP.info: ئێستا تۆ زۆر شت دەزانی لەبارەی کوردستانەوە، حکوومەتی ئەڵمانیا چ ڕۆڵێکی دەبێ بۆ لادانی ئەو گوشارانەی کە بەغدا خستوونیەتە سەر هەرێم؟
(سێلڤیا ڤیلینگ): پێویستە حکوومەتی ئەڵمانیا فشار بخاتە سەر عێراق بۆ ئەوەی ناچاری بکات دیالۆگ دەست پێ بکاتەوە لەگەڵ کوردستان. بەڵام حکوومەتی عێراق هەموو شتێک ڕەت دەکاتەوە، بۆ نموونە، کاتێک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ویستی بێتە عێراق و کوردستان، حکوومەتی عێراق ڕەتی کردەوە، کە سەردانی کوردستان بکات، لە دواییدا وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش ڕەتی کردووە بێتە عێراقیش.
KDP.info: ڕیفراندۆم مافی شەرعیی هەموو گەلانە و لە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا ئەو مافە بە کوردستان دراوە، بۆچی ئەو مافە لە کورد قەدەغەیە؟
(سێلڤیا ڤیلینگ): ڕیفراندۆمی هەرێم مافێکی شەرعی و یاسایی و دەستوورییە، کەس ناتوانیت ئەم مافە لە هیچ گەلێک وەربگرێت، بەڵام دەبێت عەقڵیەتێک بێتە ئاراوە قبووڵی ئەم مافە بکات، چونکە لە ئیسپانیا و عێراق لەم دواییانەدا ئەم شتە ڕووی دا، لایەنی دووەم قبووڵی ئەم مافە ناکەت، بۆیە پێوستە ئەقڵی لایەنی دووەم کراوە بێت و قبووڵی ئەو مافە بکات، کە لایەنێک دەیەوێ هەیبێت.
KDP.info: حەشدی شەعبی بە بریارێکی مەرجەعی شیعە درووست بووە و ئەوان هێرشیان کردە سەر کوردستان، بە تایبەت ناوچەی پێکهاتەکان، هێرشیان کردە سەر ناوچەی مەسیحییەکان و زیاتر لە ١٥٠ هەزار کرستیانی دەشتی نەینەوا ئاوارە کران و دەستدرێژییان کردە سەر ئافرەتانی خورماتوو، ئەی کوا هەڵوێستی مافی مرۆڤ؟
(سێلڤیا ڤیلینگ): دروستبوونی حەشدی شەعبی بڕیارێکی هەڵەیە، ناکرێت دەوڵەتێک خۆی بە دیموکرات و فیدراڵ بناسێ و هێزی لەم جۆرەی هەبێ، ئەمە پێچەوانەی یاسایە و ناکرێت حکوومەت ڕێگا بە دروستبوونی ئەم جۆرە هێزانە بدات.
kdp-
