به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی سیسته‌می هاوسه‌رۆكی ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌

 به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی سیسته‌می هاوسه‌رۆكی ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌
سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان ده‌ڵێت لیژنه‌یه‌ك بۆ ئاماده‌كارییه‌كانی كۆنگره‌ی یه‌كێتی پێكهێنراوه‌ به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا به‌ڕێوه‌چوونی كۆنگره‌كه‌ دیار نییه‌ ڕه‌تیشی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ سیسته‌می هاوسه‌رۆكی بۆ یه‌كێتی گونجاو بێت.


ڕێواس فایەق، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی، رایگەیاند: "ئێستا جگە لە بەستنی کۆنگرە ھیچ شتێکی دیکە بۆ یەکێتی باشتر نییە چونکە کۆنگرە کۆدەنگیی بەشێکی زۆری سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی لەسەرە بەڵام ئێمە هیوای ئه‌وه‌ ده‌خوازین كه‌، یەکێتیی بەزووی کۆنگرەی ئاسایی خۆی ببەستێت، بۆئەوەی بتوانین کێشەکانی خۆمان چارەسەر بکەین".

ئاشكراشیكرد كه‌ بۆچوونی جیاواز لەسەر بەستنی کۆنگرە ھەیە ھەندێک پێیان باشە لەدوای سەری ساڵەوە کۆنگرەی یه‌كێتی ببه‌سترێت، بەڵام ھەمووان لەگەڵ ئەوەدان كه‌ پێش ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی عێراق یەکێتیی کۆنگرەی چوارەم بیەستێت.


ڕوونیشیكرده‌وه‌ كه‌ ھەرچەندە لیژنەیەک بۆ ئامادەکاری کۆنگرە پێکھێنراوە، بەڵام تائێستا کاتێک بۆ کۆنگرە دیارنه‌كراوه‌.

گوتیشی: "ڕەنگە پێش بەستنی کۆنگرە کۆبوونەوەیەکی فراوان ئەنجام بدەین، بۆئەوەی بزانین ئاخۆ پۆستی سکرتێری گشتی یەکێتی چی بەسەردێت، ئایا ئەو پۆستە بە بەتاڵی دەمێنێتەوە، یان پۆستی سکرتێری گشتی دەبێت بەسیستەمی ھاوسەرۆکی بەڵام لەئێستا نە مەکتەبی سیاسی نە خودی کۆسرەت ڕه‌سول وەک جێگری سکرتێری گشتیی مافی ئەوەی نییە قسە لەسەر پۆستی سکرتێری گشتی بکات، چونکە کۆنگرە دەتوانێت ئەو پۆستە یەکلای بکاتەوە، بۆیە ئێمە چارەنووسی پۆستی سکرتێری گشتی بۆ ڕۆژی کۆنگرە دادەنێین".

ئاماژەی بەوەشدا، باشتر وایە بیر لە میکانیزمێکی گونجاو بۆ پۆستێ سکرتێری گشتی بكرێته‌وه‌ نەک سیستەمی ھاوسەرۆکی، چونکە سیستەمی ھاوسەرۆکی تاڕادەیەک لەناو پەکەکە و یەپەگەدا سەرکەوتووە، بەو مانایەی ئەوان بەجۆرێک پەروەردە کراون قبوڵی دەکەن، ژنێک وەک سەرکردە ھەڵبژێرن، بەڵام لەناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەگەر ژنێکی زۆر بەھێز نەبێت، تەنیا ڕووكه‌شی ده‌بێت، دواجار تەنیا پیاوەکە دەتوانێت کۆنتڕۆڵی یەکێتی بکات، بۆیە سیستەمی ھاوسەرۆکی بۆ یەکێتیی و حیزبەکانی دیەکەی باشووری کوردستان، سەرکەوتوو نابێت

ڕێواس فایه‌ق زیاتر گوتی: "لەدوای کۆچی مام جەلال، سیستەم دەتوانێت کۆنتڕۆڵی ئیدارەی یەکێتی بکات، نەک کەسایەتییەکی دیاریکراو چونکە ئەو پۆستە تەنیا بە تاڵه‌بانی بەڕێوە دەچێت، بێگومان ئێستا کەسێک نییە جێگەی مام جەلال بگرێتەوە".










باسنیوز
Top