ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی قوباد تاڵەبانی بە بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی تۆمەتبار دەکا

 ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی قوباد تاڵەبانی بە بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی تۆمەتبار دەکا
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕای دەگەیەنێت، جێگری سەرۆکی حکوومەت دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەکار دەهێنێت و بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنەکە، بڕیاری ئاڵوگۆڕی لەسێ پۆستی بەڕێوەبەری گشتی و سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین داوە.

ئەنوەر تاھیر، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ڕايگەیاند: "تاکە مەرجەع بۆ ئاڵوگۆڕ یان دانانی پۆستەکانی بەڕێوەبەرە گشتییەکان و سەرپەرشتیاری ئیدارەکان و بەڕێوەبەری شارەدێ و قایمقام و پارێزگار و جێگرەکانی، ئەنجومەنی پارێزگاکانە و ئەگەر نیازی ئەنجامدانی ھەر گۆڕانکارییەک ھەبێ، دەبێ بێتە ئەنجومەنی پارێزگاکان و بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەن بڕیاری لەسەر بدرێت و دواتر بۆ دەسەڵاتە باڵاکان بەرز بکرێتەوە تاوەکوو فەرمانی پێ دەربکرێت".

جەختی لەوە کردەوە: "قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەبێ گەڕانەوە بۆ مەرجەعی یاسایی کە پارێزگا و ئەنجومەنی پارێزگایە، دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی پارێزگای پیادە کردووە و بڕیاری لەکار لادانی 3 بەڕێوەبەری گشتی و سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕینی دەرکردووە و لەجێگەیان 4 کەسی دیکەی داناوە بە وەکالەت“.

ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەگەر کارەکە بەو شێوەیە بڕوات، حکوومەتی خۆجێیی لە سلێمانی دەبێ بە ”حکوومەتی بەوەکالەت". گوتیشی: “گۆڕانکارییەکان لەکاتی پشووەکاندا کراوە، لەگەڵ دەست پێکردنی دەوامدا وەکو ئەنجومەنی پارێزگا ھەڵوێستی خۆمان ڕادەگەیەنین و ئەنجومەنی وەزیرانی لێ ئاگادار دەکەینەوە".

هەریەک لە پۆستەکانی (بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگای سلێمانی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندرووستیی سلێمانی، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی سلێمانی و سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین) لە پۆستەکانیان لادراون و لە جێگەیاندا چوار کەسی دیکە دانراون.










باسنيوز
Top