عێراق جەنابی بۆ عەبادی: تۆ کێیت؟ مافی دیاریکردنی چارەنووسی ئێمەت نییە
موقداد جەنابی، کەسایەتی ئایینی شیعە لە گوتاری ئەمڕۆ هەینیدا باسی پیسبوونی ئاوی خواردنەوەی کرد و گوتی: "لە نەبوونی چاودێری یاسایی و نەبوونی سزاکان، ئاوی خواردنەوە لە عێراق پیس و ئاڵوودە بووە". هۆکارەکەیشی بۆ پاشماوەی کارگەکان و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوتی خاو گەڕاندەوە.
جەنابی کە یەکێک لە کەسایەتییە ئایینییە دیارەکانی عێراقە، باسی ئەوەی کرد کاتێک وڵاتانی جیهان رووبەڕووی کارەسات و پیسبوونی ژینگە دەبنەوە، سەرجەم رێگەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە دەگرنەبەر، بەڵام لە عێراق کارەکان بەپێچەوانەوەن.
هەر پەیوەست بەم بابەتە جەنابی راشیگەیاند: "ماوەیەکی زۆرە باس لە پەڵە نەوتییەکەی پارێزگای بابل دەکەین، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ کارێك ئەنجامبدەین، وەک وابێت ناوچەی فوراتی نێوەڕاست و باشووری عێراق هیچ بەهایەکیان لەم وڵاتەدا نەبێت".
جەنابی رەخنەی زیاتری ئاراستەی حکومەتی عێراق کرد و گوتی: "تەنانەت مافی حەشد و شەهیدەکان و هەروەها هاووڵاتیان پشتگوێخراوە و هیچ جووڵەیەکی تەلارسازی لە عێراق نییە، لە ئەلفەوە تاوەکو یاء وێرانکاری لە وڵاتدا هەیە، ئایا ئێوە چ حکومەتێكن؟".
ناوبراو داوای لێکۆڵینەوەیەکی پاک و بێگەردی کرد و گوتی: "دەمانەوێت هەستبکەین حکومەت هەیە، ئەرکی حکومەت تەنیا وەرگرتنی باج و پارە نییە لە هاووڵاتیان".
موقداد جەنابی پرسیارێكی ئاراستەی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و گوتی: "ئایا کۆمپانیا تایبەتەکە (ئەو کۆمپانیایەی تەندەری کارەبای عێراقی پێدەدرێت) خاوەنداریێتییەکەی بۆ تۆ یان بۆ حیزبی دەعوە دەگەڕێتەوە؟ ئێمە دەمانەوێت ئەوە بزانین". جەختیشی کردەوە کە مەرجەعییەت و گەل دژی بەتایبەتکردنی کەرتی کارەبان.
جەنابی پرسیارێکی دیکەشی لە عەبادی کرد و گوتی: "تۆ کێیت؟ تۆ هیچ کەس نیت جگە لە تاکێكی گەلی عێراق نەبێت و مافی دیاریکردنی چارەنووسی ئێمەت نییە". گوتیشی: "ئێمە لە هەڵبژاردنەکاندا رێگەمان بەتۆدا تاوەکو خزمەتمان بکەیت، نەک وێرانمان بکەیت".
لە شارۆچکەی موسەییەبی سەر بە پارێزگای بابل پەڵەی گەورەی نەوت لە روباری فورات دەرکەوتوون، ئەمەش ترسی ئەوەی دروستکردووە کاریگەری بکاتە سەر ژیانی دانیشتووانی ئەو ناوچانەی دەکەونە سەر رووبارەکە، لە نێوەڕاستی عێراقەوە تاوەکو دەگاتە باشوور.
RUDAW -
