لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆچوونی جیاوازیان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەیە

لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆچوونی جیاوازیان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەیە
پارتی و شیوعی و زەحمەتکێشان دەڵێن، هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بکرێ بۆ ئەوەی کە کێشەکان چارە بکرێن، هەرچی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە دەڵێن پابەندی بڕیاری پەرلەمان دەبن بۆ دیاریکردنی هەڵبژاردن و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستانیش مەرجیان بۆ بەشداریکردن هەیە و، یەکێتییش دەڵێ لەگەڵ هەڵبژاردن داین بەڵام دەڵێن بەشێکی یەکێتیی لەگەڵ ئەوەدان کە ببنە ئۆپۆزسیۆن.



شیوعی پێشوازی لە هەڵبژاردن دەکات

دوێنێ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی لە هەرێمی کوردستان گەیشتنە رێککەوتنێک کە لە مانگی نیسانی ساڵی دابێ هەڵبژاردن بکرێت. هەردوولا گەیشتنە ئەو باوەڕی کە کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەگەڵ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان دەکەن بۆ ئەوەی رۆژی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دیاری بکەن.

بەگوێرەی رێککەوتنەکەی نێوان حکوومەت و کۆمسیۆن لە ١ نیسان تا ١٥ نیسان رۆژێک بۆ هەڵبژاردن دیاری دەکرێ کە پەرلەمان ئەو رۆژە دەستنیشان بکات. لە ئێستاوە حزبی شیوعی کوردستان پێشوازی لەو بڕیارە دەکات و (ھەندرێن ئەحمەد) گۆتەبێژی حزبی شیوعی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "حزبی شیوعی پێشوازی لە بڕیارەکەی حکوومەت و سەرۆکی حکوومەت دەکات بۆ ئەوەی لەماوەی سێ مانگی دابێ ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت، چونکە ئێمە پێمانوایە بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن زۆرێک لە کێشە سیاسییەکانی ئێستای ھەرێمی کوردستان چارەدەکرێن و یەکلا دەکرێنەوە.
(ھەندرێن ئەحمەد) دەشڵێ، پێویستە ھەموو لایەنە کوردستانییەکان پێداگیری لەسەر بڕیاری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بگرن بۆ ئەوەی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان لە کاتی خۆیدا کە مانگی نیسانە بەڕێوەبچن، دەبێت ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم پێش ھەڵبژاردنەکانی عێراق بکرێن، تا ئێمە بتوانین بە بەرگێکی نوێوە بچینە بەغدا و بەشداری ھەڵبژاردنەکای عێراقدا بکەین.

زەحمەتکێشان لەگەڵ هەڵبژاردن دان

زەحمەتکێشانی کوردستان وەک حزبی شیوعی دەڵێن، پێشوازی لەو بڕیارە دەکەین، (گۆران جەلال) ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆچوونی حزبەکەی ئاشکراکردوو روونیکردەوە، بەرلەوە حکوومەتیش داوای ھەڵبژاردن بکات لەماوەی سێ مانگی دابێ ئێمە وەک حزبی زەحمەتکێشان ئەو پێشنیارەمان کردبوو. دەشڵێ، باشترین چارەسەر بۆ رەوشی ئێستای ھەرێمی کوردستان و دەرچوون لەم قەیرانە چەقبەستوە سیاسیەی تێیکەوتووین ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانە، چونکە بەپێی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان ھەر لایەنە و سەنگی خۆی بۆ دەردەکەوێت و دەتوانین حکوومەتێکی نوێ بە دیدێکی نوێوە پێکبێنین.
هەرچی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستانە کە تازە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کشاوەتەوە، ئەوان دەڵێن با تۆماری دەنگدەران پاکبکرێتەوە، (سەلیم کۆیی)، بەرپرسی پەیوەندیەکانی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لەبارەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، "تا لیستی تۆماری دەنگدەران پاکنەکرێتەوە و کێشەکان چارەنەکرێن ئەنجامدانی ھەڵبژاردن ھەر درێژەدانە بە ٢٦ ساڵی رابردوو، بەڵام ئەگەر لیستی دەنگدەران پاکبکرێتەوە و لەگەڵ عێراق بگەینە ئەنجامێک ئەوا زەمینە سازی دەبێت بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکان، باوەڕی کۆمەڵی ئیسلامی ئەوەیە خەڵک بەو شێوەیە ناتوانێت بەشداری ھەڵبژاردنەکاندا بکات، بەتایبەتی نابێت بە قەیرانەوە بچینە نێو پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکانەوە.

یەگرتوو: لە پەرلەمان هەڵبژاردن دیاری دەکرێت

ھەرچی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە پێی وایە پەرلەمان بڕیاری دیاریکردنی رۆژی ھەڵبژاردنەکان یەکلا دەکاتەوە، لەبەر ئەوەی پەرلەمان بۆ ماوەی دوو خول تەمەنی خۆی درێژکردووتەوە و ناکرێت دوای دوو مانگ لە درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی جارێکی دیکە پەشیمان ببینەوە، لەمبارەیەوە (بەھزاد زێباری) سەرۆکی فڕاکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حزبە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرایکرد، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستی بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان ھەیە، ئەگەر کۆمسیۆن ئامادەیی تێدابێ بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەکە و لیستی ناوی دەنگدەران پاکبکرێتەوە ئەوا یەکگرتوو ئامادەیە بۆ ھەڵبژادن، پێویستە کۆمسیۆن بێتە پەرلەمان و بە راشکاوی خۆی یەکلابکاتەوە بۆ ئەوەی بزانین چ ئامادەکاریەک کراوە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و دواتر بڕیاری لێوە بدرێت.

پارتی: هەڵبژاردن چارەی قەیرانەکان دەکات

پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەوەدایە کە ئەو هەڵبژاردنە لەو وادەیەی کە بۆی دیاری دەکرێ ئەنجامبدرێ، (نووری حەمە عەلی)، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرایکرد، پارتی لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردندایە و بڕیاری سەرۆکوەزیرانی کوردستان بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن لە ماوەی سێ مانگی دابێ بڕیاری پارتی دیموکراتی کوردستانە. دەشڵێ، "سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوای ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی کردووە، لەبەر ئەوەی سەرۆکی حکوومەت جێگری سەرۆکی پارتیمانە ئەوا بۆچوونی ئێمەشە وەک پارتی پێویستە بۆ چارەکردنی زۆرێک لە کێشەکان ھەڵبژاردن باشترین چارەسەر دەزانین، باشترین دەرفەت و چارەسەر بۆ یەکلاکردنەوەی زۆر پرس سندوقی دەنگدانە، ئەگەر تا مانگی نیسان لەڕووی ئەمنیەوە ھیچ کێشەیەک نەیەتە پێشەوە.
ئاماژەیشی دا کە ھەندێ کەس و لایەن ھەن دەیانەوێ ئاستەنگ بخاتە بەردەم ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی ھەرێمی کوردستان، ئێمە وەک پارتی ئامادەین ھەرکاتێک ھەڵبژاردن بەڕێوەبچێت ھیچ گرفتێکمان نییە، لەوانەشە لایەنی دیکە ھەبن لە ھەرێمی کوردستان پێداگیری لەسەر بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکان بکات، بەڵام لە بنەڕەتدا ئەو لایەنە نایەوێ ھەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، ئەو لایەنانە دەیەوێ ئالۆزی بخاتە نێو ھەرێمی کوردستان بۆ پەکخستنی پڕۆسەی ھەڵبژاردن.

یەکێتی: دوو بۆچوون لەسەر هەڵبژاردن هەیە

یەکێتیی لەگەڵ ئەوەدایە کە هەڵبژاردن بکرێ، بەڵام ئەوان دەڵێن بەشێک لە یەکێتیی بۆچوونێکیان بۆ دروستبووە کە یەکێتیی بەشدارنەبێ و ببێتە ئۆپۆزسیۆن، (عەتا سەراوی)، ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "دواخستنی ھەڵبژاردنەکان نەلە بەرژەوەندی کۆمەڵانی کوردستاندایە نە لە بەرژەوەندی پڕۆسەی دیموکراسییە لەھەرێمی کوردستان، لەھەر شوێنێک کێشە بۆ ھەڵبژاردن دروست بکرێت ئەوا ئاشکرایە دەستاودەستکردنی دەستەڵات کێشەی تێکەوتووە ئەمە پڕەنسیپێکە و ھەموو یەکێتیی باوەڕی پێیەتی، بەڵام ئەو رەوشەی لەھەرێمی کوردستان و عێراق ھەیە خەڵک قسە لەسەر ئەوەدەکات ھەڵبژاردنەکان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان دوا بخرێن.

(سەراوی) دەڵێ، "ئەو ھێزانەی زۆر رژدن لەسەر ئەوەی لە ئێستادا ھەڵبژاردن بکرێت ئەوا لە دڵسۆزیانیە بۆ پراکتیزەکردنی دیموکراسیەت و دەستاو دەستکردنی دەستەڵات، لەوانەیە ھەندێ برادەری ئێمە سەرنجیان لەسەر ئەوە ھەبێت، بەدەر لەوە ئێمە وەک یەکێتی نیشتیمانی ئامادەین بۆ ھەڵبژاردن، بەڵێ ھەمیشە یەکێتیی لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردندایە، بەڵام خۆم پێمباشترە یەکێتی بەشداری نەکات لە ھەڵبژاردنی داھاتوو بۆ چوار ساڵی دابێ یەکێتی وەک ئۆپۆزسیۆن بمێنێتەوە، بایکۆتی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا بکات، بەشێک لە یەکێتی لەگەڵ ئەوەدایە ھەڵبژاردن بکرێت و بەشێکی لەگەڵ ئەوەدایە نەکرێت."

لەو راپۆتەدا ئەو بەرپرسە سیاسییانەی تێکرای لایەنەکان کە قسەیان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە وەک بۆچوونی خۆیان و هەندێکیشیان وەک بۆچوونی حزبەکان تێڕوانیان هەبووە، بەڵام دوابڕیاری فەرمییان دواجار لە سەرکردایەتییەکانیانە کە لەسەر ئەوپرسە هەڵوێستی فەرمیی خۆیان رابگەیەنن.
kdp -
Top