حكوومه‌تی هه‌رێم و شاندێكی باڵاى یه‌كگرتووی ئیسلامی تێپه‌ڕاندنی بارودۆخی ئێستا دووپات ده‌كه‌نه‌وه
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 28/12/2017، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیران و قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له هه‌ولێر پێشوازییان له شاندێكی باڵای یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیی مامۆستا هادی عه‌لی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی سیاسیی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان كرد.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا ئه‌و پێشنیارانه‌ی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان تاوتوێ كران كه له یاداشتێكدا پێشكه‌شی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كردووه بۆ ئه‌وه‌ی حكوومه‌ت بتوانێت خزمه‌تی باشتر پێشكه‌ش به هاووڵاتیان به‌گشتی و فه‌رمانبه‌ران به‌تایبه‌تی بكات.
سه‌رۆكایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕۆڵی كاریگه‌ری یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستانی له‌سه‌ر ئاستی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان به‌رز نرخاند، كه هه‌میشه به په‌رۆشه‌وه ویستوویانه كێشه‌كان و دۆخی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان له ڕێگه‌ی پته‌وكردنی یه‌كڕیزی و ته‌باییی لایه‌نه‌كانه‌وه تێپه‌ڕێنرێت.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، گفتوگۆی به‌رهه‌مدار له‌سه‌ر پێشنیاره‌كان كرا و به بنیاتنه‌ر و ئه‌رێنی و له به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكدا هه‌ڵسه‌نگێنران و بڕیاریش درا له ماوه‌یه‌كی كورتی داهاتوودا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ چۆنیه‌تیی جێبه‌جێكردنیان ئه‌نجام بدرێت.
kdp -
