نێچیرڤان بارزانی: حکوومەتی بەغدا دەیەوێ سەر لە خەڵکی کوردستان بشێوێنێت
ڕەخنەکانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان زیاتر لەبارەی سیاسەتی ئێستای حکوومەتی بەغدایە، کە بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان و دانیشتووانەکەی گرتوویەتەبەر. سەرۆکوەزیرانی بەغدا، (حەیدەر عەبادی) لە داوکۆنفرانسی ڕۆژنامەنووسیی خۆیدا ڕەخنەی لە سیاسەتی نەوتیی هەرێمی کوردستان و داهاتەکەی گرت. (نێچیرڤان بارزانی) وەڵامی ئەو ڕەخنانەی دایەوە و گوتی، "زانیارییەکانی سەرۆکوەزیرانی بەغدا دوور بوون لە ڕاستی." ئێستا سەرۆکی حکوومەت، لیژنەی نەوت و گازی ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی بە ژمارە وەڵامێکی ڕوونکردنەوەی هەبێت لەبارەی قسەکانی (عەبادی)یەوە.
سەرەڕای چەندین دەستپێشخەری بۆ دانوستانی نێوان حکوومەتەکانی هەولێر و بەغدا، حکوومەتەکەی (عەبادی) ماوەی قەدەغەکردنی گەشتی دەرەکی لە فرۆکەخانەکانی کوردستانی بۆ ماوەی دوو مانگی دیکە درێژ کردەوە.
(نێچیرڤان بارزانی) لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەی خۆیدا نیگەرانیی خۆی لە بڕیارەکەی حکوومەتی بەغدا دەربڕی و دەڵێت: ''زۆر زۆر بەداخەوە کە حکوومەتی بەغدا دەیەوێ سزای خەڵکی خۆی بدات. سەرۆکوەزیرانی بەغدا پرسی دەروازە سنوورییەکان و فرۆکەخانەکان وەک کارتی گوشار بەرانبەر بە خەڵکی هەرێمی کوردستان بەکار دێنێت. داخستنی ئەو شوێنانە کاریگەریی لەسەر خەڵک و نەخۆش و ئاوارەکان هەبووە.''
هاوکات سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە وردبینیی حکوومەتی بەغدا لە میلاکاتی وەزارەتەکانی پەروەردە و تەندروستیی کوردستان کرد، بەڵام نەیشاردەوە کە تا ئێستا بەغدا تەنیا مووچەی ٤٢٠ کارمەندی بەنداوەکانی کوردستانی ناردووە.
(نێچیرڤان بارزانی) گوتی: ''حکوومەتی بەغدا دەیەوێ سەر لە خەڵکی کوردستان بشێوێنێ. ئەگەر سەرۆکوەزیرانی بەغدا خەمی خەڵکی کوردستانییەتی، ئەدی بۆ لە خورماتوو ناپرسێتەوە. هەڵوێستەکانی سەرۆکوەزیرانی بەغدا هیچ ڕاست نین و دەبێ هەست بە بەرپرسیارییەتی بکات.''
"تەعریب بوەستێنن"
ماوەیەکە هەندێ هێز و لایەنی عێراقی هەوڵی تەعریبکردنی چەند ناوچەیەک لە سنووری جوگرافیایی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەدەن. سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی خۆی لەو هەوڵانە دەربڕی و جەختی لە وەستاندنیان کردەوە.
(نێچیرڤان بارزانی) دەڵێت: ''لە هەندێ سنوور تەعریب دەستی پێ کردووەتەوە و ئەمەش لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نییە و ناسەقامگیریی لێ دەکەوێتەوە. داوا لە حکوومەتی بەغدا دەکەین ئەو هەوڵانە ڕابگرێ و نەتەوەیەکگرتووەکانیش بێتە ناو مەسەلەکەوە. بە تەعریبکردن، شایەتی ناسەقامگیری لە ناوچەکە دەبین.''
پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکان
دەستپێشخەرییەکەی سەرۆککۆماری عێراق و چەند وڵاتێک، هەندێ لە هەڵسوکەوتی حکوومەتەکەی (عەبادی)ی بەرانبەر بە کوردستان گۆڕی و وەک (نێچیرڤان بارزانی) دەڵێت: "هەندێ خاڵی ئەرێنی دەبینین.''
سەرۆکی حکوومەتی کوردستان پێشوازیی لە قسەکانی هەر یەک لە (نووری مالیکی) و (ئەیاد عەللاوی) لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و جەختی کردەوە کە بەردەوام ئامادەییان بۆ دانووستان هەیە. (نێچیرڤان بارزانی) گوتی: ''تا ئێستا بە مەبەستی دانوستان هیچ شتێکی فەرمیمان لە لایەن حکوومەتی بەغداوە پێ نەگەیشتووە. ئێمە پێشوازی لە دانوستانی جیددی دەکەین و ئەگەر سەقامگیریمان دەوێ، ئەوە ڕێگەچارەکەیەتی.''
کۆبوونەوەی سێقۆڵی
دۆخی ناوخۆی کوردستان و هەڵبژاردنەکان، تەوەرێکی دیکەی قسەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو. (نێچیرڤان بارزانی) گوتی: ''ئەمڕۆ لەگەل یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کۆ بووینەوە. ئەوان بەرپرسیارانە کاریان کردووە و ئێمەش هەوڵ دەدەین تا ئەو ڕاددەیەی لە تواناماندا بێت، داواکانیان جێبەجێ بکەین کە داوای ڕەوان و لە بەرژەوەندیی خەڵکدان.''
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی عێراقیش ئاشکرای کرد کە کورد سەیری دۆخەکە دەکات و بە پێی دۆخی سیاسی و بەرژەوەندیی خۆی، هاوپەیمانی دەکات. بڕیارە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پەرلەمان و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کۆبوونەوەی سێقۆڵییان هەبێت و تێیدا بڕیار لەسەر ڕۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بدرێت.
kdp-
