ڕاگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەکانی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان درێژ كرایەوە

ڕاگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەکانی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان درێژ كرایەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە حكوومه‌تی عێراق بڕیاری دا راگرتنی گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی فڕۆكه‌خانه‌كانی هەرێمی كوردستان بۆ دوو مانگی تر درێژ بكاتەوە تاكو 28ی شوباتی 2018.


بە گوێرەی نووسراوێكی فەرمی كە لە هەژماری تویتەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بڵاوكراوەتەوە، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق بڕیاری درێژكردنەوەی راگرتنی گەشتە نێودەولەتییەكانی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستانی داوە.


بەم شێوەیە فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان بڕیاری ژمارە A0609ی دەزگای فڕۆكەوانی NOTAMیان بەدەست گەیشتووە، تیایدا دووپات كراوەتەوە تا كۆتایی مانگی شوباتی داهاتوو هیچ گەشتێكی ئاسمانی نێودەوڵەتی لە فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستانەوە ئەنجام نادرێ.



له‌ دوای ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان له‌ 25ی ئه‌یلوولی رابردوو، حكوومه‌ت و په‌رله‌مانی عێراق، كۆمه‌ڵه‌ بڕیارێكیان له‌ دژی هه‌رێمی كوردستان ده‌ركرد، یه‌كێك له‌و بڕیارانه‌، راگرتنی گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم بوو.
bas news-
Top