پەیەدە ٥٠٠ ڕۆژە گرتوویه‌تی.. تاوانی ڕۆژنامه‌نووسه‌كه‌ ڕووماڵی به‌خاكسپاردنی شه‌هیدێكه‌

پەیەدە ٥٠٠ ڕۆژە گرتوویه‌تی.. تاوانی ڕۆژنامه‌نووسه‌كه‌ ڕووماڵی به‌خاكسپاردنی شه‌هیدێكه‌
جێگری سکرتێری پارتی یەکێتیی کورد لە سووریا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ٥٠٠ ڕۆژ تێپەڕی بەسەر دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەنووس (ئالان ئەحمەد) لە لایەن ئاسایشی پەکەکەوە.

(حەسەن ساڵح) جێگری سکرتێری پارتی یەکێتیی کورد لە سووریا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''چونکە (ئالان ئەحمەد)، لە ڕێوڕەسمی هێنانه‌وه‌ی جەنازەی پێشمەرگەی شەهیددا ڕووماڵی کردبوو، دەستگیر کرا و بۆ ماوەی ساڵێک زێندانی کرا و دواتر ساڵێک تەواو بوو و ئازاد نەکرا و دادگای پەکەکە پێی گوتبوو، دەبێ ئەو سۆز بدات جارێکی تر ئەو کارە دووبارە نەکاتەوە، بەڵام (ئاڵان ) ڕەتی کردەوە.''

(حەسەن ساڵح) گوتیشی: ''زۆربەی ئەو ڕۆژنامەنووس و سەرکردانەی لە زێندانەکانی پەکەکەدان، چارەنووسیان دیار نییە.''

هەر پەیوەست بەم باسە، ئەمڕۆ یەکێتیی نووسەر و ڕۆژنامەنووسان لە سووریا ڕایگەیاندێکیان بڵاو کردەوە و کۆپییەکیان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ناردووە و تێیدا دیار کراوە کە جێگای داخە ئەمە ٥٠٠ ڕۆژە ڕۆژنامەنووس، (ئالان ئەحمەد) لە زێندانە و ئەمە کارێکی دوور لە یاسایە و (ئالان) تەنیا کاری خۆی جێبەجێ کردووە.

ئێستا نزیکەی ١٠ ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا لە زێنداندان و زیاتر لە ٤٠ بارەگایان سوتێنراون و بە دەیان لاینەگر چارەنووسیان دیار نییە.
kdp-
Top