داقووق.. پۆستێکی دیکە لە کورد وەرگیرایەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە 27/12/2017، ھیوا ڕەشید، بەرپرسی لێژنەی ناوچەی داقووقی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕايگەیاند: "ئازاد عەبدوڵا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی داقووق، لەلایەن پارێزگارەکەی حەشدی شەعبییەوە بانگێشتی باڵەخانەی پارێزگای کەرکووک کراوە و بە بێ ھۆ، لێپێچینەوەی لەگەڵدا کردووە، دواتر لە ژێر فشاردا ناچار بوو مۆڵەت وەربگرێت، ئێستاش تورکمانێکی شیعە بە ناوی عەباس فەخرەدین، لە پۆستەکەی دانراوە".
بەرپرسی لێژنەی ناوچەی داقووقی پارتی، ئەوەشی روون کردەوە: "ئەمڕۆش ئازاد عەبدوڵا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی داقووق، خۆی ڕایگەیاند، لە پۆستەکەی لادراوە و ئەوەشی گوتووە کە لەسەر بڕیاری ڕاکان سەعید، پارێزگارەکەی حەشدی شەعبی لە کەرکووک لابراوە".
لە سنوری پارێزگای کەرکووک 80 پۆستی ئیداری و سەربازی لە کورد وەرگیراوەتەوە.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.
باسنيوز
