پەرلەمانتارێکی یەکێتی: حەشدی شەعبی لە ناوچە کوردستانییەکان باڵادەستە
محەمەد عوسمان، نوێنەری کەرکووک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی، ڕايگەیاند: "لە سنوری پارێزگای کەرکووک کردەوەی توندوتیژی بوونی ھەیە، بە نموونە تەنیا لە یەک رۆژدا لە قەزای داقوقی سەر بە کەرکووک ئۆتۆمبێلی ھاووڵاتییەک تەقێنرایەوە بۆ شەوەکەشی خانووی ھاووڵاتییەکی کورد تەقێنرایەوە و ئێمەش حەیدەر عەبادیمان ئاگادار کردووەتەوە بەو پێیەی سەرۆکی ھێزە چەکدارەکانی عێراقە".
ئەوەشی ڕوون کردەوە، لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە گرووپەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان باڵادەستن. دەشڵێ: ”دەبێ خۆمان ماندوو بکەین بۆ وەرگرتنەوەی ئەو ناوچانە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، ئەگەر وا نەبێت، پێم وایە ئەو فشارەی کە ئێستا ھەیە، ھەر دەمێنێتەوە".
محەمەد عوسمان، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "بەپێی دەستوور، دەتوانرێ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بە ھاوبەشی بەڕێوە ببرێ، ھەموومان پێکەوە ئیدارەی ئەم ناوچانە بدەین کە ئێستا وانییە، ئێستا حکوومەتی فیدڕاڵی بەتەنیا خۆی ئیدارەی دەدات، ئەمەش پێچەوانەی دەستوورە، لە کاتێکدا حکوومەتی عێراق لە سەردەمی شەڕی داعشدا ناوچە کوردستانییەکانیان چۆڵ کرد و ڕایان کرد، چونکە ترسنۆک بوون، ھێزەکانیان و کەرەستە سەربازییەکانیان ڕادەستی تیرۆریستانی داعش کرد".
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتیی دووپاتی کردەوە، ئەوەی ئێستا لە کەرکووک دەگوزەرێت، پێچەوانەی دەستوورە، ”ئەگەر ئێمەش ئەو دۆخە قەبوڵ بکەین، جەماوەری کوردستان ئەو دۆخە قبوڵ ناکات".
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".
ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”هۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.
باسنيوز
