شاندێکی یەکێتی سەردانی بەغدا دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە 27/12/2017، شاندێکی یەکێتی کە لە ڕزگار عەلی، خالید شوانی، ئەحمەد عەسکەری و ئەڵماس فازڵ، پێکدێن، سەردانی بەغدای پایتەختی عێراق دەکەن. لەمبارەیەوە ئارێز عەبدوڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، رايگەیاند: "شاندەکە حزبییە و بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا ناڕوات، واتە لە بری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا ناکات".
ئەوەشی ڕوون کردەوە: "ئەو شاندە لەسەر بابەتی ماڵوێرانیی خەڵکی کەرکووک و خورماتوو دەچێت و ھەوڵەکانی خۆی دەخاتە گەڕ، چونکە ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ حزبە عێراقییەکان و لایەنە عێراقییەکان ھەیە".
لە بەرامبەردا محەمەد کەمال، سەرۆکی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ڕايگەیاند: "ڕۆشتنی شاند باشە، بەڵام دەبوو ئەو شاندەی کەرکووک لە ھەموو لایەنەکان پێکھاتبایە، نەک تەنیا لە لایەنێکی دیاریکراو بێت، بۆیە پێم وانییە بتوانرێ بەو رادەیە ڕێزیان لێبگیرێت و داواکانییان جێبەجێ بکرێت، چونکە ئەو شاندە بەو جۆرە باش نییە و ڕەنگ و سەنگی نابێت، لەگەڵ ئەوەشدا تەنیا لایەنێک ناتوانێت نوێنەرایەتیی لایەنەکانی کەرکووک بکات".
محەمەد کەمال، ئەوەشی خستە روو کە ئەگەر ئەو شاندە بیانەوێت لەسەر پۆستی پارێزگار قسە لەگەڵ بەغدا بکەن، ئەوا ”ئەو بابەتە تەنیا بە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک یەکلا دەکرێـتەوە و پێویستی بە عەبادی و خەڵکی دیکە نییە“.
ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی ٢٠٠ ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
ڕۆژی ١٨ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".
ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”هۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.
باسنيوز
