سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەریتانیا دەکات
دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا، ڕایگەیاند: "مانگی یەکەمی ساڵی 2018، یەکێتیی ئەورووپا ستراتیژیەتێکی نوێ بۆ ماوەی 3 ساڵ لە عێراقدا دادەڕێژێت، ئەگەر حکوومەتی عێراقیش تا ئەوکاتە نەیەتە پێش بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، ئەوا لە زۆر ڕووەوە بە زیانی عێراق کۆتایی دێت، چونکە یەکێتیی ئەورووپا لەڕووی دارایی و ئابوورییەوە ھێزێکی زۆر گرنگە لە جیھاندا و ڕێککەوتنێکی ستراتیژیشی لەگەڵ عێراق ھەیە، ھەر بۆیە ئێمەش لەگەڵ زۆربەی ئەندامانی یەکێتیی ئەورووپا و باڵوێزەکان گفتوگۆمان لەسەر بارودۆخی کوردستان و ھەڵوێستی عێراق بۆ کردوون، لەگەڵ ئەوەشدا داوامان کردووە فشار لەسەر عێراق دروست بکەن بۆ ئەوەی ڕێز لە دەستوور بگرێت و پێشێلی نەکات، ئەوەش دەبێتە کارتێکی فشاری گەورە لەسەر عێراق".
نوێنەرەکەی حکوومەتی ھەرێم ئاشکراشی کرد: "یەکێتیی ئەورووپا و زۆربەی وڵاتان دەڵێن دەبێ گفتوگۆی نێوان ھەولێر و بەغدا بەبێ مەرج و لە چوارچێوەی دەستووردا ئەنجام بدرێت، ئەگەر مەرج لە دەروەی ئەوە ھەبێت، قبووڵ ناکرێ و سەرەڕای ئەوەش ئەوان بۆیان ڕوون بووەتەوە کە عێراق و عەبادی بەتایبەت لەپێناو ھەڵبژاردنی داھاتوو سیاسەتی کات کوشتن پەیڕەو دەکات، بۆیە دوای سەری ساڵی نوێ فشاری زیاتری دەخرێتە سەر، چونک ئێستا پاڵپشتییەکی باشی ئەورووپی بۆ ھەریمی کوردستان ھەیە و ئەوەش کاریگەریی خۆی نیشان دەدات".
هەر لە لێدوانەکەیدا ، دلاوەر ئاژگەیی ئاشکرای کرد: "سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەدوای پشووی سەری ساڵی نوێوە، سەردانی بەریتانیا دەکات، بەڵام ھێشتا کات و ڕۆژی سەردانەکەی دیاری نەکراوە و سەردانەکەشی کاریگەریی گەورەی دەبێت، چونکە بەریتانیا وڵاتێکی گرنگە لە ھاوکێشەکاندا".
باسنیوز
