فوئاد مه‌عسوم لێدوانی راوێژكارێكی له‌باره‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ره‌ت كردەوە

فوئاد مه‌عسوم لێدوانی راوێژكارێكی له‌باره‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ره‌ت كردەوە



ئەمڕۆ سێشەممە نووسینگه‌ی فوئاد مه‌عسوم سه‌ركۆماری عێراق روونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌باره‌ی لێدوانێكی عه‌بدوله‌تیف ره‌شید راوێژكاری سه‌ركۆمار بڵاو كردەوە، تیایدا رایگەیاندووە كە لێدوانێكی ره‌شید بۆ رۆژنامه‌ی "سه‌باح ئه‌لجه‌دید‌" رای خۆیەتی و په‌یوه‌ندی به‌ هه‌ڵوێستی سه‌رۆكایه‌تی كۆماره‌وه‌ نییه‌.


له‌ به‌یاننامه‌ی نووسینگه‌ی سه‌ركۆماردا هاتووه‌ "ئه‌م لێدوانه‌ی دوێنێ عه‌بدوله‌تیف ره‌شید بۆ رۆژنامه‌ی سه‌باح ئه‌لجه‌دیدی داوە، رای تایبه‌تی خۆیه‌تی، هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ هه‌ڵوێستی فه‌رمی و رای سه‌ركۆماره‌وه‌ نییه‌".


سەرۆكایەتی كۆمار دووپاتی كردووەتەوە ئەوان سه‌رجه‌م را و هه‌ڵوێسته‌كانی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار له‌ ماڵپەڕی ئه‌لیكترۆنی سه‌ركۆمار و لێدوانه‌كانی سه‌رۆكی كۆمار بۆ ده‌زگا میدیاكانه‌وه‌ بڵاوده‌كرێنه‌وه‌.


دوێنێ عه‌بدوله‌تیف ره‌شید كە لەسەر حیسابی هەرێمی كوردستان، راوێژكاری سه‌ركۆماری عێراقە، لە رۆژنامه‌ی "سه‌باح ئه‌لجه‌دید" هێرشی كردبووە سەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان و رایگه‌یاندبوو كە حكومه‌تی هه‌رێم نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی كوردستان ناكات، هەروەها گوتبووی سەرۆك مه‌سعود بارزانی كاروباره‌كانی هه‌رێم به‌ڕێوه‌ ده‌بات، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی سه‌ركۆماری عێراقی به‌دوای خۆیدا هێنا و به‌ توندی ره‌تی كرده‌وه‌.

bas news-
Top